ئامەد، چەندین ژن دەستبەسەرکران کە هۆکارەکەی نازانرێت
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پۆلیسی تورکیا لە ئامەدی باکوری کوردستان هەڵیانکوتایە سەر ماڵان و چەندین ژنیان دەستبەسەر کرد.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ژن نیوز، لە ئامەدی باکوری کوردستان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پۆلیسی تورکیا بە فەرمانی داواکاری گشتیی کۆماریی ئامەد ئۆپەراسیۆنی گەڕان و هەڵکوتانە سەر ماڵان دەستیپێکرد، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا چەندین ژن دەستبەسەرکران کە هۆکارەکەی نەزانراوە.
ئەو ژنانەی کە دەستبەسەرکران، عەدالەت کایای سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆزا، نەڤین ئۆیمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە، فاتمە گولتەکین ئەندامی کۆمەڵەکە، هەروەها زەکیە گولەر چالاکوانی تەڤگەری ژنی ئازاد، ڕەمزییە سنجی هاوسەرۆکی هەدەپە لە ناوچەی یەنیشەهیر، فیلیز بوولوتەکین هاوسەرۆکی شارەوانی سوور کە لە جێگەی ئەو قەیوم دانراوە.
هەروەها لەناو دەستبەسەرکراوەکاندا چەندین ژنی دیکەی چالاکوان و ئەندامی ڕێکخستنەکانی ژنان هەن، لەوانە فاتمە یەلدیژان، نیهال یانیک، هەتیجە ئێڤ، بەهار ئولوگ، ساکینە کارادەنیز، بیرسەن گونەش، هازال یڵدرم، سەفیه ئاکداغ، ئەسما ئەفەتورک، یەڵدز کارداش، یەڵدا چیچەک، ئەمینە کایا، گولشەن ئۆزێر، ئەڤین یەلبۆگا و ژاڵە ئۆککان.
ئەو ژنانەی دەستبەسەرکراون گوازراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئامەد و تا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەیان نازانرێت.
ت.پ