کۆمەڵکوژی کۆبانێ؛ کارەسات و ئازارێکی لەبیرنەکراوە

ئەمڕۆ نۆیەمین ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی کۆبانێدا تێدەپەڕێت کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٢٤٢ هاوڵاتی مەدەنی.

نورشەن عەبدی

 

کۆبانێ- ئەمڕۆ نۆ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کۆمەڵکوژی کۆبانێدا، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٢٤٢ هاوڵاتی مەدەنی، سەرەڕای تێپەڕبوونی ئەم ساڵانە، تا ئێستا چەندین ئازار، چیرۆک و یادەوەریی پڕ لە ئازار لە مێشکی ئەو ژنانەدا ماوەتەوە کە ڕزگاربووی کۆمەڵکوژیەکەن.

 

بە درێژایی مێژوو کۆمەڵکوژییەکی زۆر لە لایەن هێزە هەژموونخواز و پاوانخواز و سەرمایەدارەکانەوە بە ئامانجی نەهێشتنی ئیرادەی گەلی کورد و قڕکردنی ئەو گەلە ئەنجامدراوە، یەکێک لەو کۆمەڵکوژییانە لە شاری کۆبانێ لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ساڵی ٢٠١٥ ڕوویدا، بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٢٤٢ هاوڵاتی.

 

دوای پێنج مانگ لە ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی داعش، بە هێز و ئیرادەی گەلی کورد، بەرخۆدان و خەباتی یەکینەکانی پاراستنی گەل و ژنان لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥، بەکرێگیراوان جارێکی دیکە بە پشتیوانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر هێرشیان کردە سەر شار و گوندەکان، لە تۆڵەی شکستەکەی پێشووتریان، کۆمەڵکوژییەکی ترسناک لە دژی منداڵان، پیاوان و بەساڵاچووانیان ئەنجامدا.

 

ئەو کۆمەڵکوژییەی لە شاری کۆبانێ دژ بە خەڵک و ژنان کرا، شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی، تورکیا لە ڕێگەی ئەو کۆمەڵکوژییەوە بۆ جیهانی سەلماند کە واز لە بڵاوەپێکردنی بەکرێگیراوان و کوشتنی گەلان ناهێنێت، لە ڕێگەی هەر کەسێک و لایەنێک هەوڵی تۆڵەسەندنەوە دەدات.

 

"کۆبانێ بە قەڵای خۆڕاگری و شاری بەرخۆدان ناسراوە"

سارا خەلیل، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە شاری کۆبانێ لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە ڕەهەندە سیاسی، سەربازییەکان و پاشخانەکانی کۆمەڵکوژی کۆبانێ، ئاماژەی بەوەکرد، مانگی حوزەیران بۆ گەلی کورد و بە تایبەت بۆ خەڵکی کۆبانێ، مانگێکی کارەسات و بە ئازارە، وتیشی: خەڵکی کۆبانێ خاوەنی هێز و ئیرادە و ڕۆحی نەتەوەییە، لە ڕێگەیەوە توانیان بەکرێگیراوانی داعش لەناوببەن و سەرکەوتن بەدەستبهێنن، ئەو خەبات و بەرخۆدانەی کە لە شاری کۆبانێ ڕوویدا ئاسان نەبوو، بۆیە کۆبانێ بە قەڵای خۆڕاگری و شاری بەرخۆدان ناودەبرا، چونکە هەر ئینجێک لە خاکەکەی بە خوێنی خەڵکەکەی ئاو دەدرێت و بە ئیرادەی ئەوان گەورەترین هێزی تیرۆریستییان شکست پێهێنا کە لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی دەوروبەری جیهان دروستکرابوو، داعش هێزێکی ناوخۆیی نەبوو، بەڵکو هێزێکی ناوچەیی بوو، چونکە بەکرێگیراوانی هەموو جیهانی لەخۆگرتبوو.

 

"ژنان ڕۆڵی پێشەنگییان لە بەرخۆدانی کۆبانێدا کرد"

لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیشیکردەوە، شاری کۆبانێ هەڵبژێردرا بۆ ئەو کۆمەڵکوژییە، چونکە شۆڕشی ١٩ی تەمووز لێیەوە دەستیپێکرد، هەروەها  یەکەم شار بوو کە ڕێبەرەی گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چووەتە ناویەوە، وتیشی: ئەو کۆمەڵکوژییە لە سەرەتاوە پلانی بۆ دانرابوو، تورکیا زانیاری هەواڵگری نارد بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە بۆ بەکرێگیراوان دەربارەی سروشتی شارەکە بدات، پاشان بە چەک پشتگیریان کرد و پلانیان بۆ دانا بۆ ئەوەی دزە بکەنە ناو شارەکەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بە جلوبەرگی هێزەکانی پاراستنی گەل و ژنانەوە چوونە ناو شارەکە و لە ٢٥ی مانگدا پلانەکەیان جێبەجێ کرد و کۆمەڵکوژییەکی ترسناکیان دژی خەڵک ئەنجامدا.

 

سارا خەلیل، ئاماژەی بە ڕۆڵی پێشەنگانەی ژنان لە سەرکەوتنی بەرخۆدان و نەهێشتنی ئەو پلانانەدا کرد، وتی: کاتێک داعش کۆمەڵکوژییەکەی ئەنجامدا، زۆرێک لە ژنانی شارەکە چەکیان هەڵگرت بۆ پاراستنی گەڕەک، ماڵ و منداڵەکانیان.

 

"یادەوەرییەکانیان ئازارەکانیان بە بیردەهێنێتەوە"

نۆ ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە تێدەپەڕێت و تا ئەمڕۆش ئەو ژنانەی کە شایەتحاڵی کۆمەڵکوژییەکە بوون، ئازارەکانیان لەبیر نەکردووە، خانم عەلی تەمەن ٣٥ ساڵ یەکێکە لەو ژنانە و دەڵێت: دوای ئەوەی شۆڕش لە شارەکەمان دەستیپێکرد، ئێمە لە سەلامەتی و ئارامیدا دەژیاین، بەڵام تورکیا و بەکرێگیراوەکانی بەرگەی ئەوەیان نەگرت و پاڵپشتی بەکرێگیراوانی داعشیان کرد و هێرشیان کردە سەر ئێمە، باوەڕیان وابوو دەتوانن ئێمە لەناوببەن، بەڵام هێزەکانمان و گەلەکەمان ڕێگەیان پێنەدان بە ئامانجەکانیان بگەن، بە هێز و ئیرادەی خۆیان ئەم شارەیان کردە گۆڕستانێک بۆ هەموو دوژمنان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، چەند مانگێک دوای سەرکەوتنی بەرخۆدان، جموجۆڵی خەڵک دەستیپێکرد، هەوڵیان دەدا ئاوەدانی بکەنەوە، بەڵام تورکیا حەزی لەوە نەبوو، بۆیە پاڵپشتی بەکرێگیراوانی کرد و ئەوانی هێنایە ناو شارەکەمان بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژییەک دژی خەڵک ئەنجام بدەن.

 

"داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین بەکرێگیراوەکان لە ناوچەکانمان دەربکەن"

جیهان بۆزان تەمەنی ٣٢ ساڵە، خەڵکی شاری کۆبانێ سەر بە کانتۆنی فورات لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وتی: ئێمە وەک گەلێک لە شاری کۆبانێ کارەساتێکی زۆرمان بەهۆی داعشەوە بینیووە، ماڵەکانمان وێران بوون و ئێمە لە شارەکەمان ئاوارە بووین، داعش کۆمەڵکوژییەکی دڕندانەی لە دژی منداڵەکانمان ئەنجامدا.

 

ڕوونیشیکردەوە، لەسەر هەموو یادێکی ئەو کۆمەڵکوژیەکەدا، ئازارەکانیان نوێ دەبێتەوە، دەشڵێت: لەم ڕۆژەدا وەک چۆن تورکیا تۆڵەی لە بەکرێگیراوەکانی کردەوە و ئەوانیش کۆمەڵکوژییەکیان لە دژی ئێمە ئەنجامدا، ئێمە تۆڵەیان لێدەکەینەوە، ئەوان ئامانجیان نەهێشتنی ئیرادەی ئەو خەڵکە بوو کە بە یەک ڕۆح لە دژی بەکرێگیراوان لە بەرخۆدانی کۆبانێ، ئیرادە و هێزیان دژی دوژمنان بەکاردەهێنا.

 

لە کۆتایدا وتی: تا ئەمڕۆش بەهۆی بوونی بەکرێگیراوانی داعش لە زیندانەکاندا مەترسییەکی گەورە لەسەر خەڵک هەیە، ئێمە وەک بنەماڵەی شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکە بانگەوازی جیهان و ئەو وڵاتانە دەکەین کە بەکرێگیراوەکانیان لە ناوچەکانمان هەیە بۆ ئەوەی بەکرێگیراوەکانیان وەربگرن و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکەن، چونک دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر تاوانەکانیان.