بەهۆی بۆردوومانەوە ڕۆژنامەنووس عەلا دحدوح لە کەرتی غەززە گیانی لەدەستدا

لە درێژەی زنجیرەی بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان لە کەرتی غەززە، عەلا دحدوح، ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی لە ئەنجامی بۆردوومانی ماڵەکەی لە گەڕەکی ئەلجەلا لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

هێزەکانی ئیسرائیل به فڕۆکه و تۆپ له هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە، ماڵ و پەناگەی ئاوارەکانیان کردە ئامانج و دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

 

ئەمڕۆ شەممە ١ی حوزەیران، میدیا فەلەستینییەکان هەواڵی گیان لەدەستدانی ڕۆژنامەنووس عەلا دحدوحیان ڕاگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل ماڵەکەیان لە شەقامی ئەلجەلا لە کەرتی غەززە بۆردوومان کرد.

 

نوسینگەی ڕاگەیاندنی حکومی لە کەرتی غەززە پێشتر ئاشکرای کردبوو، لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی گیان لەدەستداو بۆ ١٣٦ ڕۆژنامەنووس بەرزبووەتەوە.

 

هەروەها سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی فەلەستین، لە چوارچێوەی ئامادەیییەکی گەورەی نێودەوڵەتی و سەندیکاکان، بە پەردەلادان لەسەر یادەوەرییەک بۆ ڕۆژنامەنووسانی شەهید، ١٠٠یەمین ساڵیادی دامەزراندنی خۆی بەرز ڕاگرت.