لە هەولێر ژنێک لە لایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا
لە شاری هەولێر پیاوێک لەسەر شەقام تەقەی لە هاوژینەکەی کرد و کوشتی، پاش ئەنجامدانی تاوانەکەش لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر کرا.
ناوەندی هەواڵ
کوشتنی ژنان تا دێت ئامارەکەی لە زیادبووندایە، پیاوان لە دەرەوەی ماڵەکان و لەسەر شەقامەکان تەقە لە هاوژینەکانیان دەکەن و دەیانکوژن، لەمساڵدا دوو ڕووداوی لەم شێوەیە لە شاری هەولێر تۆمارکراوە، کە لەسەر شەقام و بە بەرچاوی خەڵکەوە تەقە لە ژنان دەکرێت.
دوێنێ ٣ی نیسان، لە نزیک شوقەکانی پارک ڤیو لە شاری هەولێر، پیاوێک تەقەی لە هاوژینەکەی کرد و کوشتی.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاندووە، تۆمەتبار "ج، م، س" هەڵساوە بە کوشتنی هاوژینەکەی لە نزیک شوقەکانی پارک ڤیو لە شاری هەولێر، دوای ئەنجامدانی تاوانەکەی بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر کراوە.