بە بەڵێنی بەرزکردنەوەی تێکۆشان فریال سلێمان خالید بەخاک سپێردرا

یەکێک لە پێشەنگانی خەباتی ئازادی ژنانی کورد، فریال سلێمان خالید کە لە ١٨ی کانوونی دووەم لە کەرکوک شەهید کرا، لە مەراسیمێکدا لە حەسەکە بەخاک سپێردرا.

حەسەکە

 

فریال سلێمان خالید، پێشەنگی تێکۆشانی ژنان، لە ١٨ی کانوونی دووەم لەبەردەم خوێندنگەیەک لە کەرکوک بەدەستی دەوڵەتی تورک شەهید کرا، ئەمڕۆش گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و سریانی و ئەرمەنییەوە، بە ڕێوڕەسمێکی شایستە لە گۆڕستانی شەهید میدیا و دژوار لە شاری حەسەکە بەخاکیان سپارد.

 

دوای خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان، فاتمە عەلی، ئەندامی نوسینگەی ژنانی بنەماڵەی شەهیدان، وتارێکی پێشکەشکرد و سەرەخۆشی خۆی بۆ بنەماڵەی فریال سلێمان خالید دەربڕی و وتی: شەهید فریال سلێمان خالید پێشەنگی ئازادی و دیموکراسی بوو، بە ئامانجگرتنی ئەو ئیرادەی ژنان ناشکێنێت، بە پێچەوانەوە، ژنان بەهێزتر دەبن، چونکە ئەوان خۆیان لەسەر فەلسەفەی شەهید فریال سلێمان خالید و ڕێبازی هاوڕێکانی ساکینە جانسز ڕێکخستووە، بەڵێنی خۆمان نوێ دەکەینەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان و بەرخۆدان.

 

لە چوار پارچەی کوردستان تێکۆشانی کرد

لالەش حەسەکە، بە ناوی کۆنگرەی ستارەوە داوای پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی کرد و وتی: بە کاتێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕین و دەستکەوتەکانمان لە هەموو لایەکەوە لە مەترسیدان، ئەگەر ئەم دەستکەوتانە بەو شێوەیە نەپارێزین کە دەمانەوێت، ناتوانین بژین، پاراستنی ئەم دەستکەوتانە بە هەوڵێکی گەورە ئەنجام دەدرێت، شەهید فریال سلێمان خالید یەکێکە لەو هاوڕێیانەی کە لە ساڵانی ١٩٩٣ەوە لە چەندین ناوچەی وەک ئەرمینیا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و باشووری کوردستان کاری کردووە بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی دەستکەوتەکان، . هیچ جیاوازیەک دەربارەی پارچەکانی کوردستان لە دڵیدا نەبوو، لە هەر شوێنێک پێویست بە خەباتی بووایە لەوێ بوو، شەهید فریال سلێمان خالید خەباتەکەی لە دڵی هەمووان بەجێهێشت، ئەمڕۆ ئەرکی ئێمەیە کە خەباتەکەی نەخەینە سەر زەوی و بە یەک دەست پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکەین کە بە خوێنی پاکڕەوان بەدەستهاتووە.

 

بانگەواز بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش

منەوەر خالید، بە ناوی بنەماڵەی فریال سلێمان خالید، وتی: شەهید زەلال چووە ڕیزەکانی گەریلا بۆ ئازادی و بوونی گەلان. ئەو هەمیشە داوای یەکگرتوویی دەکرد و داوای دەکرد هەموو نەتەوەیەک خاوەن ناسنامە بێت، بۆیە ئەمڕۆ داوا لە گەلەکەمان دەکەین کە خاوەنداری لە شۆڕش بکەن.

 

"ئامانجەکانی بەدیدەهێنین"

شێرەزاد جاسم، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا، بەڵێنی دا کە خەبات لە دژی شەهیدکردنی فریال سلێمان خالید بەرز بکاتەوەو وتی: شەهید فریال سلێمان خالید خاوەنی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا، ئامانجی ئەو ڕێکخستن و ناسین و ڕزگارکردنی ژنانی عەرەبی بوو لە کۆیلایەتی و هۆشیاری پیاوان، بەڵێن دەدەین کە بەدوای خەباتیدا بڕۆین و ئامانجەکانی بەدیبهێنین.

 

دواتر ناسنامەی شەهید فریال سلێمان خالید لە لایەن دەزگای بنەماڵەی شەهیدانەوە خوێندرایەوەو  ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.

 

مەڕاسیمەکە بە دروشمی "شەهید نامرن" و بەخاک سپاردنی شەهید فریال سلێمان خالید کۆتایی پێهات.