نەتەوە یەکگرتووەکان: بەهۆی لافاوەوە چوار هەزار و ٢٢٥ کەس لە لیبیا گیانیان لەدەستدا

بە گوێرەی دوایین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی لافاوەوە لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا چوار هەزار و ٢٥٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٨هەزار و ٤٥٠ کەسیش بێسەروشوێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

زریانی دانیال کە کاریگەری لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست کرد، لە ١٠ی ئەیلوولدا شارەکانی بنغازی، بەیدا، مەرج، سوج و دەرنای ڕۆژهەڵاتی لیبیای گرتەوەو زیانەکان بەهۆی لافاوەوە تا ئێستا بەردەوامە.

 

نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی-OCHA ڕاپۆرتێکی نوێی لەسەر کارەساتی لافاوەکەی ١٠ی ئەیلوول لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا بڵاوکردەوە، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە ماوەی دوو هەفتەی یەکەمی دوای کارەساتەکە گەیشتوونەتە ١٢٥ هەزار کەس لە ڕێگەی کاری هاوبەشی دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی دیکەی فریاگوزاری.

 

چوار هەزار و ٢٥٥ کەس گیانیان لەدەستداوە

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ٢٥٠ هەزار کەس بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، ٤٠ هەزار کەسیش ئاوارە بوون و چوار هەزارو ٢٥٥ کەسیش گیانیان لەدەستداوە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە تیمەکانی فریاگوزاری ٤٥٢ کەسیان ڕزگارکردووە و ٨ هەزارو ٤٥٠ کەسیش بێسەروشوێنن.

 

ڕاپۆرتەکە دیاریکردووە، ڕێکخراوە مرۆییەکان پشتیوانی لە هەوڵەکان دەکەن بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان بەم زووانە و دروستکردن و خاوێنکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان و زیادکردنی دەستگەیشتن بە ئاوی خواردنەوەی سەلامەت و پشتیوانی تەندروستی دەروونی و دەرمان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بۆ ئەوانەی بەهۆی کارەساتەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.