زیاتر لە هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان کوژراون

نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا پشتڕاستی کردەوە، نزیکەی هەزار کەسی مەدەنی لە ئەفغانستان لە کاتی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

نوێنەرایەتی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان ڕایگەیاند، لە دوای دەستبەکاربوونی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١ەوە تا ئایاری ٢٠٢٢، هەزار و ٩٥ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و دوو هەزار و ٦٧٩ کەسی دیکەش برینداربوون.

 

زۆرینەی گیانلەدەستدان، واتە زیاتر لە ٧٠٠ کەس بەهۆی تەقینەوەی چێندراوەوە بووە، لەنێویاندا تەقینەوەی خۆکوژی لە شوێنە گشتییەکانی وەک مزگەوت و ناوەندەکانی پەروەردە و بازاڕەکاندا.

 

هەرچەندە لەدوای دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی تاڵیبانەوە شەڕەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە، بەڵام هێشتا دۆخی ئەمنی، بەتایبەتی بەهۆی داعشەوە ناهەموارە، هەروەها نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، داعشی توندڕەو بەرپرسیارە لە زۆرینەی هێرشەکان.

 

بەپێی ڕاپۆرتی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشی بۆمبڕێژکراو کە داعش بانگەشەی بۆ دەکات، زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.