هەدەپە بە ناوی "پارتی سەوزی چەپ" بەشداری هەڵبژاردن دەبێت
مەتحەت سەنجار، هاوسەرۆکی هەدەپە ڕایگەیاند، بە ناوی "پارتی سەوزی چەپ- پارتی یەشیل سۆڵ" بەشداری هەڵبژاردنەکان دەبن.
ناوەندی هەواڵ
مەتحەت سەنجار، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، لە بەرنامەی "مێزی سەرکردەکان" لە کەناڵی "هەڵک تیڤی" ڕایگەیاند، بەهۆی زیان و تێچووی زۆر لە بوومەلەرزەکەدا بڕیاریانداوە بە دۆخی کاندیدبووندا بچنەوە و وتی: ئەم بوومەلەرزەیە تەنها کارەساتێکی سروشتی نییە، کارەساتێکی سیاسییە، لەم کارەساتەدا زۆرمان لەدەستدا، ئەو بوومەلەرزەیەی لە کاتی پرۆسەی هەڵبژاردندا ڕوویدا، پەیامێکی پڕ لە ئازار بوو بۆ ئێمە، بۆیە بڕیارماندا ڕێگایەکی جیاواز بگرینەبەر.
"بە ناوی پارتی سەوزی چەپ دەچینە ناو هەڵبژاردنەوە"
مەتحەت سەنجار ڕایگەیاند، مەترسیدارترین هەڵبژاردنی مێژووییان لەپێشدایە و وتی: پڕۆسەی هەڵبژاردن زۆر گرنگە، لە گۆڕینی ئەم حکومەتەدا لەپێناو بەدیهێنانی گەڕانەوەی دیموکراسی، باوەڕمان بە هاوپەیمانییەکانمان هەیە، بە ناوی پارتی سەوزی چەپ دەچینە ناو هەڵبژاردنەوە، ئەگەر پارتی سەوزی چەپ بلۆک بکرایە، ئێمە بەدیلێکی جیاوازمان دەهێنایە ئاراوە.
مەتحەت سەنجار ئاماژەی بەوەشدا، هەر ڕێگەیەک بۆ مەترسی خستنە سەر دەستکەوتەکان لەلایەن هاوپەیمانییەکانەوە قبوڵ ناکرێت و وتی: ئێمە چاومان لە هەموو هاوسەنگیەکانە، ئەم هاوپەیمانییە بە ئاسانی دروستنەکراوە و هەوڵەکانمان بۆ فراوانکردنی بەردەوامە، به کورتی یەکێتی کار و ئازادی هەرگیز خستنە مەترسی دەستکەوتەکان قبوڵ ناکات، ئەو شێوازە دەدۆزینەوە کە باشترین ئەنجام دەدات. ئێمە لەسەر پرسی لیستی هاوبەش ڕێککەوتنمان هەیە و کاری لەسەر دەکەین.
ئەم بڕیارەی هەدەپە بۆ چوونە هەڵبژاردنی تورکیاوە بە ناوی "پارتی سەوزی چەپ"، لە کاتێکدایە کە پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە دۆسیەکەی دادگادایە بۆ داخستنی پارتەکە و لە ١١ی نیساندا دانیشتنی دادگای لەسەر بەڕێوەدەچێت.