دژی پەراوێزخستنی شاری هەڵەبجە لە ١٤ی ئادار خۆپیشاندان دەکرێت
دژی پەراوێزخستنی شاری هەڵەبجە و نەبوونی خزمەتگوزاری، بەشێک لە خەڵکی هەڵەبجە بانگەوازی خۆپیشاندانی بەرفراوان دەکەن و ڕایانگەیاند، بەشداری مەراسیمی یادکردنەوەی کیمیابارانی هەڵەبجە ناکەن.
هەڵەبجە
لە ئەنجامی پەراوێزخستنی پارێزگای هەڵەبجە و نەبوونی خزمەتگوزاری لە ڕووی کەرتی تەندروستی و بوژاندنەوە، ئەنجومەنێکی ڕاوێژکاری لە تۆری هاوبەشی ڕێکخراوەکان، کەسوکاری قوربانیان، نوێنەری شارەدێ و گەندەکانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، لایەنەکان و مامۆستایانی ئاینیی، دامەزرا.
لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانەدا بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنەکە، سەرجەم توێژەکانی لەخۆگرتبوو، بەهرە کەریم، چالاکوانێکی گەنجە و باسی لەوەکرد، مەبەستمانە بۆ ٣٥ەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بگەینە ئەنجامێک و خزمەتێک بە هەڵەبجە بگەیەنین.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی ڕاوێژکاری بۆ بەدواداچوون لە پرسەکانی پارێزگای هەڵەبجە پێکهێنرا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیشدا، هۆشمەند موراد، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە، بەیاننامەی کۆتایی خوێندەوە و تیایدا جەختیان لەوە کردەوە، کە بەشداری بۆنە و یادەکانی ١٦ی ئادار، ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە ناکەن کە لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕێکخرابێت و لە ١٤ی ئاداریشدا خۆپیشاندانی بەرفراوان ڕێکدەخەن.