ئاگری شۆڕش هێشتا دەسووتێت
ئەو شۆڕشەی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان دەستیپێکرد و لە هەموو ئێراندا بڵاوبووەوە، دوای ٤ مانگ هێشتا بەردەوامە.
ناوەندی هەواڵ
لە پێنجەمین مانگدا ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، بڵێسەی ئاگر و هاواری ئازادی گەلان هێشتا زیندووە و هێز نیشان دەدات.
وێڕای چڕی دۆخی ئەمنی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پەکخستن و پچڕانی ئینتەرنێت و دەستگیرکردنی زۆرەملێ و هەڕەشە و دەرکردنی حوکمی قورس و نادادپەروەرانە، هێشتا ئاگری شۆڕش لە شەقامەکاندا دەسووتێت و شەوی ڕابردوو ئازادیخوازان لە شارەکانی بانە، بۆکان، سەقز، مەهاباد، مەریوان، کرماشان، بە داگیرساندنی ئاگر و دابەشکردنی پۆستەر و وتنەوەی گۆرانی کوردی و شۆڕشگێڕانە، ڕایانگەیاند کە ئەم شۆڕشە ناوەستێت.
لە تاران، کەرەج، ئەسفەهان، شیراز، مەشهەد، هورمزگان، شیراز، ئەهواز، ڕەشت و شارەکانی دیکە، خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشم، دابەشکردنی بڵاوکراوە، دانانی وێنەی گەنجانی لەسێدارەدراو، پێشکەشکردنی نمایشی تاکە کەسی لە ژێر مەرجی لە سێدارەدان و درێژەدان بە شۆڕش جەخت لە ڕووخاندنی حکومەتی منداڵکوژ کرایەوە.