ناسنامەی سێ شەهیدەکەی کۆمەڵکوژی پاریس ئاشکرا بوو

دوێنێ لە هێرشێکی تیرۆریستیدا بۆ سەر کۆمەڵەی چاندی ئەحمەد کایا لە پاریس، سێ کەس شەهید بوون و کەجەدەکەی ئەوروپا ناسنامەیانی ئاشکرا کرد، یەکێک لە شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکە، ئەندامێکی بزووتنەوەی ژنانی کوردە

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا هاوسەرۆکایەتیی کەجەکەی ئەوروپا ناسنامەی ئەو سێ شەهیدەی ئاشکرا کرد کە لە کۆمەڵکوژییەکەی دوێنێی پاریس-ی پایتەختی فەرەنسا شەهیدبوون، یەکێک لە شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکە، ئەندامێکی بزووتنەوەی ژنانی کوردە، بە ناوی ئامینە کارا.

 

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەو هێرشەدا ئەڤین (ئامینە کارا)، کە یەکێکە لە پێشەنگانی بزووتنەوەی ژنانی کورد، هەروەها هەردوو هونەرمەند میر پەروەر و عەبدوڵا کزل، ئەندامی ناوەندی هونەریی ئەحمەد کایا شەهیدبوون.

 

هاوسەرۆکایەتیی کەجەدەکەی ئەوروپا داوایان لە ڕەوەندی کوردیی لە ئەوروپا کردووە، کە بۆ شەرمەزارکردنی ئەو هێرشە تیرۆرییە و خەمساردیی فەرەنسا بەرامبەر ڕژێمی تورک، بەشداریی ئەو خۆپیشاندانە گەورەیە بکەن، کە ئەمڕۆ کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ لە (Place de la Répûblîqûeyê) ئەنجامبدرێت.

 

جێی ئاماژەیە  کە کۆمەڵکوژی ناوەندی چاندی ئەحمەد کایا لە پاریس لە کاتێکدایە، کە ١٠یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریسی ساڵی ٢٠١٣ دەکرێتەوە، کە تیایدا سێ ژنی پێشەنگی کورد بە ناوەکانی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز شەهید کران.