"چلە بە مانای مردن نییە بەڵکو بە مانای زیندووکردنەوەی ژیانە"
بە دانانی تاجەگوڵینە لە شوێنی شەهیدکردنی شەهید ناگیهان ئاکارسەل، ژنانی ئازادیخواز و ڕژاک، بەڵێن دەدەن ڕێبازی ئەو شەهیدە بگرنەبەر، تەواوی هەوڵی خۆیان بدەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی و ئازادکردنی ژنانی کوردستان.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی دوێنێ، ١٢ی تشرینی دووەم لە یادی چلەی شەهید ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی کە لە ٤ی تشرینی یەکەم لە شاری سلێمانی تیرۆر کرا، لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی و لە شوێنی شەهیدکردنیدا، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و ژمارەیەک لە ژنانی ئازادیخواز بە ڕێپێوان تاجەگوڵینە و مۆمیان لەسەر جێگای شەهیدبوونی دانا و لەم ڕۆژەدا دووپاتی درێژەدان بە ڕێبازی ناگیهان ئاکارسەلیان کردەوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، سارا ڕەزا لەسەر ناوی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تیایدا هاتووە؛ "لە بارودۆخێکدا یادی چلەی شەهیدکردنی ئەو شەهیدە دەکرێتەوە کە ژنان لە تەواوی جیهان تێکۆشان لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری ئەنجام دەدەن، ئەو ئەقڵیەتەی ژن پەراوێز دەخات و بەردەوام هەوڵی لەناوبردنیان دەدات، هەوڵ دەدات ژن خاوەنی ناو و نازناوی خۆی نەبێت، بۆیە بەردەوام ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کردووەتە ئامانج.
ئەمەش تەنها لە باشووردا ڕوونادات بەڵکو لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستانیش ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی و تیرۆر دەبنەوە، هەر وەک ئەو دۆخەی کە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی شەهیدکردنی ژینا ئەمینییەوە دروستبووە".
دروشمی ژن ژیان ئازادی لە کوردستانەوە بۆ هەموو جیهان
سارا ڕەزا ئاماژەی بەوەدا ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کە دامەزرێنەر و پێشەنگی فکری ئازادی ژنە ئەم دروشمەی ئاشنای گەلی کورد و گەلانی جیهان کرد، بە جۆرێک لە تەواوی جیهاندا ئێستا دەوترێتەوە، چونکە واتای ژیان و ئازادی بەهێزتر کردووە بە جۆرێک دایکانی شەهیدان لە بری پرسەگێڕان ورەیان بەرزە و سورن لەسەر بەردەوامبوونی تێکۆشانیان.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "هەرچەندە شەهید ناگیهان بەردەوام هەوڵی کۆکردنەوەی خەباتی ژنانی دەدا لە کوردستان، بەڵام شەهیدکردنی نابێتە بەربەستێک لە وەستانی تێکۆشانی ژنان، بەڵکو شەهیدکردنی دەبێتە درێژەپێدەری ئەو بەڵێنانەی لە تەواوی ژیانیدا بۆ ئازادی ژن داویەتی، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان پەیمانی خۆیان بۆ هێڵی شۆڕشی ئازادیخواز دووپات دەکەنەوە، جگە لەوە دووپاتی دەکەنەوە جیاوازییەک نییە لە نێوان ژنان و پیاوان، بۆیە بەڵێن دەدەین تۆڵەی خۆمان لە هەموو ئەو کەسانە بکەینەوە کەبە ئەقڵیەتی پیاوسالاری ژنانی تێکۆشەری وەک ناگیهان ئاکارسەل شەهید دەکەن".
لە کۆتایدا ژنان چوونە ناوەندی لێکۆڵینەوە، ئەرشیف و کتێبخانەی ژنی کورد، کە شەهید ناگیهان ئاکارسەل لەپێناو دامەزراندنیدا ڕەنج و تێکۆشانێکی زۆری پێشکەشکرد.