دادگای مافی مرۆڤ سزای دەوڵەتی تورکیا دەدات
دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاریدا بە سزادانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە پێشێلکردنی مافەکانی فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و ١٢ پەرلەمانتاری دیکە لە کاتی دەستگیرکردنیانەوە.

ناوەندی هەواڵ
فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە و ١٢ پەرلەمانتاری دیکە لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستگیرکران، پارێزەران داوایەکیان ئاڕاستەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کرد و تێیدا ئاماژەیان بەوەدا کە ئەو ئەندام پەرلەمانانەی وڵاتی تورکیا لە کاتی دەستگیرکردنیاندا مافەکانیان پێشێلکراوە.
دادگاکە دوای لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانیان خستیەڕوو کە پەرلەمانتارەکان مافی ئازادیی ڕادەبڕین، مافی سەلامەتی و ئازادی، مافی دادگاییکردن لە کاتێکی گونجاودا، ڕێگریکردن لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانیاندا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە پێشێلکراوە.
بەهۆی پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سزای ١٨٤ هەزار و ٦٠٠ یۆرۆی وەک قەرەبووی مەعنەوی بەسەر تورکیادا سەپاند.