سەرکوتی هێزە ئەمنییەکان؛ هێرشکرایە سەر خوێندنگەیەکی کچان
لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی بەسیج بۆ سەر قوتابخانەیەکی ئامادەیی کچانی شاری ئەردەبیل و لێدانی توندی خوێندکارەکان، چەند خوێندکارێک بریندار بوون. ئەنوومەنی هەماهەنگی سەندیکاکان سەرەتا گیانلەدەستدانی خوێندکارێکی ڕاگەیاند و دواتر سڕییەوە.
ناوەندی هەواڵ
نزیکەی چوار هەفتەیە، لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشت لە شاری تاران، ڕاپەڕینی سەرشەقام لە سەقزەوە بۆ هەموو ئێران تەشەنەی سەند و شەوی ڕابردوو خۆپیشاندەران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە هاواری ئازادییەوە جەختیان لە ئامانجی خۆیان تا سەرکەوتن کردەوە.
بەپێی هەواڵەکان، سەرەڕای بڕینی ئینتەرنێت، بە سەربازگەکردنی شارەکان، گرتن و هەڕەشەی بەردەوامی چالاکانی مەدەنی و زیندانیانی سیاسی پێشوو، بازاڕەکان و هتد، ڕاپەڕین لە شارەکانی سنە، سەقز، مەهاباد، کرماشان ، قوروە، ورمێ، بۆکان، بانە، ئیلام، مەریوان و شارەکانی دیکە بەردەوام بوون و خۆپیشاندەران بە نووسین لەسەر دیوارەکان، ئاگرکردنەوە و وتنەوەی دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر، ژن ژیان ئازادی، مەرگ بۆ خامنەیی" لە بەردەم ستەمکاران وەستانەوە، پەیامی درێژەدان بە ڕاپەڕینەکانیان تا ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییان بڵاوکردەوە.
١٣ی مانگ، کچانی ئامادەیی شەهیدی ئەردەبیل لە گۆڕەپانی قوتابخانەکە گردبوونەوە و دروشمی "ژن ژیان ئازادی" و "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"یان وتەوە وەک ناڕەزایەتی دژی یاسا دژە ژنەکانی کۆماری ئیسلامی و سەرکوتکردنی توندی خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری وڵاتدا.
دوای گردبوونەوەکە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە هەواڵ دەداتە هێزە ئەمنییەکان تا سەرکوتی ناڕەزایەتی خوێندکاران بکرێت، هێزە ئەمنییەکان و بەکرێگیراوان بە جلی مەدەنییەوە هێرشیان کردەسەر ئامادەییەکە و بە توندی لە خوێندکارەکانیان دا و ژمارەیەکی زۆر لەو خوێندکارانەیان دەستگیرکرد .
دوێنێ ، ١٤ی مانگ، ئەنجومەنی هەماهەنگی سەندیکاکانی مامۆستایان لە ڕاپۆرتێکی هەواڵیدا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان و لێدانی ئەو خوێندکارانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ١٠ خوێندکار بە سەختی بریندار بوون و یەکێک لە خوێندکارەکان بەهۆی سەختی برین و خوێنبەربوونی ناوەوە گیانی لەدەستدا، ههروهها به هاوكاری بهڕێوهبهری قوتابخانەکە ٧ قوتابی دهستگیركراون، تا ئێستا هیچ زانیارییهك لهبارهی شوێنهكانیان نییه.
پاش ماوەیەکی کەم لە بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەنجومەنی هەماهەنگی سەندیکاکانی مامۆستایان دەستکاری دەقەکەی کرد و هەواڵی مردنی ئەو کچە خوێندکارەیان سڕییەوە و هۆکارەکەیان بۆ دڵنیانەبوونەوە لە ڕاستی هەواڵەکە گەڕاندەوە.