کلد و ئاشوری و سریانیەکان چەند داواکارییەک لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە ئاڕاستە دەکەن

پارتە سیاسییەکانی کلد و ئاشوری و سوریانییەکان داوا دەکەن کە کورسی کۆتاکان تایبەت بێت بە پێکهاتەکان و لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی دیکەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان نەقۆزرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پێنج هێزی سیاسی سەرەکی سەر بە پێکهاتەی کلد و سریان و ئاشوری ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و چەند داواکارییەکیان بۆ کورسی کۆتاکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا خستەڕوو.

 

لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەیاندا رەخنە لەوە دەگرن کە لە کۆبوونەوەکانی نێوان هێزە کوردییەکان لەگەڵ جنین بلاسخارتی نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ئەوان وەک پێکهاتەیەکی گرنگ بانگهێشت نەکراون و پەراوێزخراون، لەکاتێکدا وەک خۆیان دەڵێن کێشەی سەرەکی لە ڕێکنەکەوتنی لایەنە کوردییەکان پرسی کورسی کۆتاکانە.

 

هەروەها جەختیان لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەنەوە لەسەر بنەمای دادپەروەری و شەراکەتی راستەقینە، کە بە ئاستێکی بەرز گوزارشت لە ئیرادەی گەل بکات و دوور بێت لە وسایە و دەستێوەردانی هێزە سیاسییە خۆسەپێنەرەکان کە ئیرادەی پێکهاتەکەمان دەدزن.

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا چەند داواکارییەکیان خستووەتەڕوو، لەوانە:

١- دەنگدان تەنها لە رۆڵەکانی پێکهاتەی کلد و سریانی ئاشوریدا گەمارۆ بدرێت.

٢- دانانی تۆمارێکی دەنگدانی تایبەت بە دەنگدەرانی پێکهاتەکە.

٣- هەڵبژاردنی کۆتا بخرێتە پێش ڕۆژی دەنگدانی گشتی.

٤- کارتی دەنگدان و بنکە و وێستگەکانی دەنگدانی پێکهاتەکان بۆ دەنگدانی کۆتا ئامادەبکرێت.

٥- زیادکردنی ژمارەی کورسی کۆتاکان بەپێی زیادبوونی سروشتی دانیشتوان لە تاراوگە و لەسەر ئاستی نیشتمان.