لە هەڵکوتانە سەر دایەنگەیەکدا ٣ کەس کوژران و ٦ی دیکە بریندار بوون
لە ڕووداوێکدا بەهۆی هەڵکوتانە سەر دایەنگەیەک بە چەقۆ، ٣ کەس گیانیان لەدەستدا و ٦ کەسی دیکە برینداربوون لە چین.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ لە پارێزگای جیانگشی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی چین، تۆمەتبارێک، کە ڕووخساری داپۆشراوە و تەمەنی نزیکەی ٤٥ ساڵ دەبێت، بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر دایەنگەیەک.
لە ئەنجامی هێرشەکەدا ٣ کەس گیانیان لەدەستدا و ٦ کەسی دیکە برینداربوون، بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە لەناو کوژاو و بریندارەکاندا منداڵ هەیە و تیمەکانی پۆلیس و تەندروستی دەیانگوێزنەوە بۆ ناو ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن.
بەپێی راگەیەندراوەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتە، تۆمەتبارەکە ئێشتا دەستگیرنەکراوە.
وڵاتی چین یەکێکە لەو وڵاتانەی کەمترین حاڵەتەکانی هەڵکوتانە سەر دایەنگە و شوێنی گشتی تێدا روودەدات، بەپێی یاساکانیش بەکارهێنان و هەڵگرتنی چەک قەدەغەیە، بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا چەندین حاڵەتی هاوشێوە لەو وڵاتەدا تۆمارکراوە.