ئەو پیاوەی دەیوت ژنەکەمیان کوشتووە دەرچوو خۆی بکوژەکەیە
پیاوان لە ماڵەکانیاندا هاوژینەکانیان دەکوژن، دواتر چیرۆک بۆ کوشتنیان دەدۆزنەوە لە پێناو بەرگریکردن لە خۆیان.
ناوەندی هەواڵ
لە بەرواری ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا ژنێکی تەمەن ٢٩ ساڵ بە ناوی هێرۆ سەباح، لە شارەدێی شوانی سەر بە پارێزگای کەرکوک کوژرا، لەوکاتەی پۆلیس گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە لە ماڵەكەیاندا بە كوژراوی دۆزرایەوە و هاوژینی ژنەكەش لە ناو ماڵەكەدا "دەست و قاچەكانی بەسترابوونەوە"، پیاوەكە لە لێكۆڵینەوەی سەرەتاییدا بە پۆلیسی وتبوو، سێ كەس چوونەتە ماڵیان و دەست و قاچەكانیان بەستووەتەوە و هاوژینەكەیان كوشتووە.
بەهۆی گومانكردن لە پیاوەكە، پۆلیس پیاوەکەی دەستبەسەركردبوو، بەڵام پیاوەکە لە پاش چەند ڕۆژێک مانەوە لە بنکەی پۆلیس دانی بەوەدا نا كە خۆی هاوژینەكەی كوشتووە.
پیاوەكە پێشتر هاوسەرگیریی كردووە، ئەم هاوژینەی دووەم ژنی بووە، ماوەی دوو ساڵە هاوسەرگیریان کردووە.
تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە و لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی كەركوک دەستبەسەركراوە.