کوردێک کاندیدە بۆ پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا
ژنێکی کوردی لەدایکبوی قەزای سۆران، بۆ هەڵبژاردنی یەکێتی ئەوروپا کە بڕیارە مانگی حوزەیران بەڕێوەبچێت، کاندیدی پارتێکی دانیمارکییە.
ناوەندی هەواڵ
باریکان ئیسماعیل، لە ساڵی ١٩٨٨ لە قەزای سۆران لە هەولێر لەدایکبووە، نزیکەی ١٦ ساڵ بەر لە ئێستا لەگەڵ خێزانەکەی کوردستانیان جێهێشتوە و لەوکاتەوە لە دانیمارک دەژین.
بڕیارە ڕۆژی ٩ـی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی دەیەمی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەبچێت، باریکان ئیسماعیل لە سۆشیاڵ میدیای خۆی بڵاویکردووەتەوە لەسەر حزبی مۆدێراتەکان کە پارتێکی سیاسی لیبڕاڵە لە دانیمارک، کاندیدە بۆ بوون بە پەرلەمانتار.
پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، لە ٧٠٥ کورسی پێکهاتووە، کە لە نێوان ٢٧ وڵاتی ئەندامی یەکێتییەکەدا دابەشکراوە.
ئەو ژنە لەگەڵ ئەوەی شاعیرە و خاوەنی چەند نامیلکەیەکە لە هۆنراوە، یەکێکە لە خانمە دەرکەوتووەکان و لە سۆشیاڵمیدیا بابەتی ئامۆژگاری و هۆشیاری تایبەت بە گەنجان بە زمانی کوردی و دانیمارکی بڵاودەکاتەوە.