ئایشە شان؛ دەنگە ئەفسوناوییەکەی کورد

ئەمڕۆ ٢٨ ساڵ بە سەر کۆچی دوایی ئەستێرەی گەشی دنیای هونەری کوردی، ئایشە شان تێپەڕ دەبێت.

نەرمین ئەحمەد

 

سلێمانی- ئایشە شان بە یەکێک لە دەنگە ئەفسانەییەکانی مۆسیقای هاوچەرخی کوردی دادەنرێت، لە ساڵی ١٩٣٨ لە ئامەد لەدایکبووە و لە دیلۆک، ئیستەنبوڵ، بەغدا، ئیزمیر و ئەڵمانیا ژیاوە.

 

سەرەڕای هەموو ڕێگرییەکانی خێزانەکەی، ئایشە شان وازی لە خولیاکانی نەهێناوە و بە دوای ئەوینی هونەرەکەیدا چووە، بۆیە بە ناچاری ئامەد بەجێدەهێڵێت و ڕوو لە شاری دیلۆک دەکات و لەوێ لە ڕادیۆ دەست بە کاردەکات، "ئەز غەزالم" یەکەم گۆرانی ئایشە شانە، کە لە ساڵی ١٩٦٣ لە ئیستەنبوڵ بڵاوی دەکاتەوە و ئەمەش هەنگاوێکی گرنگی ژیانی هونەری ئەو ژنە ڕەچەشکێنە بوو.

 

گۆرانی وتن بە زمانی کوردی دەبێتە هۆکارێک تا ئایشە شان ڕوو لە ئەڵمانیا بکات. گۆرانی "قەدەر"یش کە بەسەرهاتی ئایشە شانە، باس لە دژواری ئەو ڕۆژانەی ژیانی خۆی دەکات، ساڵی ١٩٧٩ ئایشە شان دەچێتە بەغدا و لە ڕادیۆی دەنگی بەغدا بە کوردی گۆرانی بڵاو دەکاتەوە، شاژنی بێ تاج بە دەنگە خۆشەکەی لەو ساڵانەدا جێگای خۆی لە هزری هەر تاکێکی کورددا دروستکرد کە تا ئێستاش بە زیندووی ماوەتەوە.

 

ئایشە لە ١٨ی کانوونی دووەمی ١٩٩٦ لە شاری ئیزمیر بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی دەکات.

 

پەرتووکێک لە بارەی ژیانییەوە

پەرتووکی "ئەز ئایشە شانم" کە لە لایەن ئینستیتیوتی کەلەپووری کورد، بۆ جاری دووەم چاپ کرایەوە، باس لە ژیان، بەرهەم و کارەکانی دەنگبێژی کورد، ئایشە شان دەکات، کە لەلایەن زەینەب یاش و فۆلکلۆرناس حیلمی ئاکیۆل نووسراوە و لێکۆڵینەوەیان سەبارەت بە ژیان و بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە ئەنجامداوە و لە ساڵی ٢٠٠٨شدا چاپی یەکەمی "ئەز ئایشە شانم"یان وەک پەرتوکێکی زانیاری- بەڵگەنامە بڵاوکردووەتەوە.

 

ئەمساڵیش لە لایەن ڕێکخراوی (ئینستیتیوتی کەلەپووری کورد)، بە زمانی کوردی ئەلفوفبێی لاتینی، بۆ جاری دووەم چاپکرایەوە، کە تیایدا باسی ژیانی هونەرمەندی کورد ئایشە شان کراوە، هەروەها زانیاری لەسەر ژیانی خۆی و پێشەنگایەتی هونەری و گۆرانیەکانی دراوە و لەگەڵ چەند وێنە و بەڵگەنامەیەک سەبارەت بە ژیانی ئایشە شان خراوەتەڕوو.