ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە لە زیادبووندایە
٢٧ فەلەستینی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کرێکارانی یارمەتییە مرۆییەکان و ماڵاندا گیانیان لەدەستدا، بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لەژێر چارەسەردان بەهۆی بەدخۆراکییەوە بۆ زیاتر لە چوار هەزار منداڵ زیادی کردووە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/12/20241212-20241212-20241212-ggazze-jpg90d88b-image-jpg5a3a8f-image-jpg981ded-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە، ئیسرائیل بەردەوام هێرش دەکاتە سەر کەرتی غەززە، هەموو ڕۆژێک هەواڵی کۆمەڵکوژی بڵاودەبێتەوە، ژن و منداڵ لە هێرشەکاندا دەکرێنە ئامانج.
بەهۆی هێرشی سوپای ئیسرائیل لە ڕۆژئاوای شارەکانی ڕەفعە و خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە دژی ئەو کەسانەی کە بارهەڵگرەکانی هاوکاری مرۆیییان دەپاراست، ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی ٣٠ کەسیش برینداربوون.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکرد، کە لە هێرشەکەدا بۆ سەر ماڵی بنەماڵەی ئەللاو کە کۆچبەرانی بنەماڵەی حەباش تێیدا دەژین، ١٥ فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆری دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی بەیاننامەی ئیدارەی مەدەنی غەززە، ئیسرائیل دوو هێرشی جیاوازی لەسەر شەقامی بەحر لە ڕەفەح و قەزای نەسر لە مەواسیە ئەنجامداوە و ئەو کەسانەی لە هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون، گواستراونەتەوە نەخۆشخانەکان، لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر نهۆمەکانی سەرەوەی شوقەیەک لە شەقامی جەلا لە غەززە، ٧ فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆر لە فەلەستینیەکان برینداربوون کە منداڵیشیان تێدایە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە کۆی ٣٤٦ هەزار منداڵی خوار تەمەنی ٥ ساڵ، ١٥١ هەزار منداڵ لە غەززە چارەسەری بەدخۆراکییان بۆ کراوە و لە مانگی تەمووزەوە ژمارەی ئەو منداڵانەی کە چارەسەری بەدخۆراکییان بۆ دەکرێت مانگانە چوار هەزار منداڵی تێپەڕاندووە.