"سووریا پێویستی بە پشتیوانی و ئیرادەی سیاسی عەرەب هەیە"
وەسیلە ئایش، چالاکوان و ئەندامی سەندیکای کرێکاران، داوای لە کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکانی تونس کرد بەپەلە هەنگاو بنێن، بەرامبەر بەو کردەوانەی دژی ژنانی سووریا دەکرێت و ڕێگری لە هێرشی دڕندانە بکەن و گروپە توندڕەوەکان ئاشکرا بکەن.
زهور مەشرەقی
تونس- دوای ئەو هەموو کاتەی ململانێکان لە سووریا، حوکمڕانی زیاتر لە ٥٠ ساڵی ڕژێمی توندڕەوی بەعس ڕووخا و ئێستا زۆربەی خاکی سووریا لەژێر دەستی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا، تەحریر شام و بەرەی ئەلنوسرەی پێشوودایە. لە لایەکی دیکەوە چەند ناوچەیەک کە زۆرینەی دانیشتووانی کورد بوون، لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بەکرێگیراوەکانیدایە.
"ئیسرائیل و ئەمریکا هەوڵی لەناوبردنی هەموو وڵاتانی عەرەبی دەدەن بە شەڕ"
وەسیلە ئایش، ئەندامی سەندیکای کرێکاری تونس، لە بارەی دۆخی سووریاوە وتی: پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا سەرچاوەی مەترسییە. تا ئێستاش ئەو کردەوانەمان لەبیرە کە داعش و چەکدارەکانی لە ماوەی ڕابردوودا دژی ژنانی سووریا کردوویانە. بە شەڕێکی نێودەوڵەتی و هەماهەنگ، بە سەرۆکایەتی ئیسرائیل و دەوڵەتانی کەنداو، ژنان دەکرێنە ئامانج و ئامانجیان لەناوبردنی هەموو وڵاتانی عەرەبییە، ئەو کەسانەی زۆرتر دەبن بە قوربانی و لە دابینکردنی بژێوی منداڵەکانیان و دۆزینەوەی شوێنێکدا کێشەیان بۆ دروست دەبێت، ژنانن.
"سەرسام بووم بە بێدەنگی وڵاتانی عەرەبی"
وەسیلە ئایش لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە زۆرێک لە هەواڵ و دیمەنەکاندا دەبینین لە سووریا چی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، سیناریۆی بەغدا – غەززە و بەیروتمان بیردەخاتەوە، ئەوەی دەگوزەرێت مەترسیدارە بۆ ئایندەی ناوچەکە، بەتایبەتی پلانی ئیمپریالیزمی ئیسرائیل، کە دەگاتە قوڵایی ناوچەی عەرەبی. ژنان زۆر ئازار دەکێشن، پلانی کۆچی زۆرەملێ لە کاردایە، ئێمە بە ترسەوە بۆ چارەنووسێکی نادیار دەژین، ژنان بە دوو شەپۆلی مەترسیدار دەورەدراون، جارێکی تر ژنان لە کەمپەکاندا ئازار دەچێژن، من سەرم سوڕماوە لە بێدەنگی وڵاتانی عەرەبی لە بەرامبەر ئەم ڕووداوانەدا کە بە خێرایی لە سووریادا بڵاودەبێتەوە. چاوەڕێی چین؟ ئایا دەتوانین تەنها ئیدانەی بکەین؟ ئەمە ئەوە نییە کە دەخوازرێت، سووریا پێویستی بە خۆراک نییە، پێویستی بە پشتیوانی و ئیرادەی سیاسی عەرەبی هەیە، بۆ ئەوەی لە قەیرانی سیاسی دەربچن.
"پێویستە ڕاگەیاندن بگاتە دەنگی ژنانی سووریا و کاری خۆی بە باشی ئەنجام بدات"
وەسیلە ئایش داوای لە میدیاکان کرد دەنگی ژنانی سووریا بگەیەننە جیهان و پشتیوانی لە خەڵک بکەن، ڕایگەیاند، کە پێویستە ڕێکخراوەکان لە تونس خۆیان ڕێکبخەن، بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی ژنان و منداڵان، کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی شەڕەکانەوە.
هەروەها ڕایگەیاند کە "ناوچەکە لە نێوان دوو شەڕدایە" بەهۆی ئەوەی دەوڵەتانی دەرەوەی ڕۆژئاوا فەرمان دەدەن و هێزەکانی ناوچەکە جێبەجێی دەکەن.
وەسیلە ئایش ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەو وێرانکارییە، هێشتا ئومێد بۆ ئایندەیەکی باشتر بۆ ژنان ماوە، چونکە ژنان وەستاون و پەیوەستن بە ژیانەوە، هەروەها ڕایگەیاند، پێویستە میدیاکان کاری خۆیان بە باشی ئەنجام بدەن، ڕاپۆرتی ئەو ڕووداوانە بدەن کە لە ناوچەکە ڕوودەدەن.