کۆچبەرانی عەفرین و شەهبا: چەتەکان کۆمەڵکوژییان لە دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجامدا

ئەو ژنانەی لە شەهبا تل ڕەفعەت و عەفرینەوە کۆچیان کرد بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاماژەیان بەوە کرد، چەتەکان کۆمەڵکوژییان لە دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجامداوە.

نورشەن عەبدی

 

کۆبانێ- لە ٢٧ی تشرینی دووەم، چەتەکانی دەوڵەتی تورک هێرشیان کردە سەر شاری حەلەب و کەوتنە دەستیان، پاشان هێرشی داگیرکارییان بۆ سەر کانتۆنەکانی شەهبا و تل ڕەفعەت دەستپێکرد، لە ئەنجامی ئەم لەشکرکێشییەدا دەیان هەزار خێزان ڕوویان لە ناوچە ئارامەکانی خۆبەڕێوەبەری کرد، ژنانی کۆچبەر کە بۆ جاری دووەم ماڵەکانیان بەجێدەهێڵن، باسیان لە دڕندەیی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا کرد لە کاتی کۆچکردنیاندا.

 

"بە ئیرادەی هێزە سەربازییەکانمان، عەفرین ئازاد دەکەین"

ئاڵماز حسۆ، کۆچبەرێکی خەڵکی عەفرینە، ڕایگەیاند کە ئەمە سێیەم جارە لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە دەبن و وتی: یەکەمجار لە سەرەتای قەیرانی سووریادا بوو، لە شاری حەلەب ئاوارە بووین و گەڕاینەوە بۆ خۆمان عەفرین، لەو کاتەدا ئازارمان چەشت، بەڵام لەبەر ئەوەی گەڕاینەوە شوێنی خۆمان لە عەفرین و لە نێو گەلەکەماندا دەژیاین، ئازارێکی زۆرمان نەچێشت، جاری دووەمیش ئەو کاتە بوو کە چەتەکان هێرشیان کردە سەر عەفرین، ناچار بووین کۆچ بکەین، ڕۆژانی زۆر سەخت لەژێر تانک و دەنگی فڕۆکە جەنگییەکاندا دەژیاین، شارەکەمان جێهێشت و ڕوومان لە شەهبا کرد، کە گەیشتینە چیای خەون، ئاوڕێکم لە عەفرینەکەم دایەوە و فرمێسکی زیاتر بە چاوەکانمدا هات، سەرەڕای ئەو هەموو سەختییانە، هیوایەکی گەورەمان هەبوو کە ڕۆژێک بێت بگەڕێینەوە بۆ عەفرینەکەمان.

 

ئاڵماز حسۆ ڕایگەیاند، بەرخۆدان و تێکۆشانیان بە ڕۆشتنیان لە عەفرین نەوەستا و وتی: ئێمە لە ٧ ساڵ لەمەوبەرەوە لە شەهبا بەرخۆدان دەکەین، بە ئامانجی ڕزگارکردنی شارەکەمان لە چەتەکان، بە هەموو سەختییەکاندا تێپەڕین، تەنیا بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە. ئێمە وەک گەلی کورد هیوایەکی زۆرمان بە هێزەکانمان و بیری ڕێبەرەکەمان هەیە کە ساڵانێکی زۆرە لە زیندانی ئیمرالی تێدەکۆشیت، بە ئیرادەی خۆمان عەفرین ئازاد دەکەین، پاشان بۆ جیهان دەیسەلمێنین کە هێز و بەرخۆدانمان بەهێزترە لە بێدەنگییان.

 

"چەتەکان کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا"

ئەمینە  محەمەد سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی چەتەکان لەسەر هاوڵاتیانی عەفرین و شەهبای وتی: کاتێک دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی شاری عەفرینیان داگیرکرد، ناچار بووین لێی دەربچین و چووینە شاری تل ڕەفعەت، یەکەمجار بوو کە کۆچ بکەین، سەرەڕای سەرپێچییە بەردەوامەکانیان، ٧ ساڵمان تێپەڕاند، بەرخۆدانێکی زۆرمان کرد بۆ ئەوەی لە نزیک عەفرینەکەمان بژین، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر چەتەکانی دەوڵەتی تورک هێرشیان کردە سەر تل ڕەفعەت، ئێمە دەمانزانی ئەگەر تل ڕەفعەت داگیر بکات ئەوا کۆمەڵکوژی لە دژی ئێمە دەکەن بە تایبەت لە دژی ژنان، بەهۆی ئەوەوە خەڵک ناچار بوو کۆچ بکەن. بیستمان کە چەتەکان ئەو کەسانەیان ئەشکەنجە داوەو کوشتوویانن کە نەیانتوانی لەوێوە دەرباز بن، ئەو هێزانەشیان دەستگیر کردووە کە کاریان بۆ دەرکردنی هاوڵاتیان دەکرد.

 

"کاتێک ڕۆیشتین هێزەکانمان لەگەڵمان بوون"

ئەمینە محەمەد باسی لەوە کرد کە ڕێگای تەبقا زۆر سەخت بووە و وتی: دوو ڕۆژ لە سەرمادا لە دەرەوە ماینەوە، کە گەیشتینە تەبقا شەوێک تەنها لە ناوەندی پەناگە ماینەوە، پاشان بڕیارماندا بێینە کۆبانێ، ئەوان یارمەتیان پێشکەش کردین، کاتێک ڕۆیشتین هێزەکانمان لەگەڵمان بوون بۆ ئەوەی بمانپارێزن، چەتەکان لە کەناری ڕێگاکە وەستابوون، گاڵتەیان پێدەکردین و وێنە و ڤیدیۆیان دەگرتین.