سەوسەن حەسەنزادە مامۆستای زمانی کوردی زیندانی کرا
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند، مامۆستا سەوسەن حەسەنزادە، مامۆستای زمانی کوردی دوای دەستبەسەرکردنی بۆ زیندان گوازرایەوە.
ناوەندی هەواڵ
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، سەوسەن حەسەنزادە، مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی بۆکان، دوای بانگهێشتکردنی بۆ بنکەی پۆلیسی شاری بۆکان دەستبەسەرکرا و سزای سێ مانگ زیندانیکردنی لە زیندانی ورمێی بەسەردا سەپێندرا.
ئەو سەرچاوەیە بڵاویکردەوە، مامۆستا سەوسەن بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ لە بنکەی پۆلیس بە دەستبەسەری گیراوە.
"سەوسەن بەبێ پارێزەر دادگایی کرا"
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ڕۆژی ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، دادگای کەیفەری شاری بۆکان، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت و ئەندامێتی لە گرووپێکی دژبەری ئێران"، مامۆستا سەوسەن حەسەنزادەی، بە سێ مانگ زیندانی سزا داوەو بەپێ پارێزەر دادگایی کراوە.
ڕۆژی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٤،مامۆستا سەوسەن حەسەنزادە لە یەکێک لە شەقامەکانی بۆکان دەستبەسەرکراو لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ ڕاگیرا، دوای ئەوە بە کەفالەتی کاتی ئازاد کرا.
مامۆستا سەوسەن ماوەی ١٧ ساڵە لە شاری بۆکان و گوندەکانی دەوروبەری وانەی زمانی کوردی دەڵێتەوە، لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی چالاکییەکانییەوە چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.