ژن و ئیدارە لە کۆمەڵگەی کوردییدا
مەهاباد کامیل- مامۆستای زانكۆ
لەم وتارەدا بە مەبەست بەرامبەر وشەی بەرێوەبردن، وشەی (ئیدارە) بەکاردەهێنم، وشەی ئیدارە فرە ڕەهەندە، کاتێک دەوترێت چۆن ئیدارە دەکەیت واتە چۆن بەرگەی ئەو بارودۆخە دەگریت؟، کاتێک کەسێک توانای تێپەراندنی دۆخێکی نائاسایی دەگرێت، هەندێکجار پێیدەوترێت کەسێکی ئیدارییە، واتا بە کەمترین توانای ماددی توانای لۆجستیی کارەکان بەڕێدەکات، ئەو کەسانە بە کەسانی بەهێز و بە توانا ناودەبرێن، بەڵام لێرەدا مەبەست لە ئیدارە، بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی فەرمانگەیەکی دیاریکراوە، ئیدی لە ئیدارەی هۆبەیەکەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەک و فەرمانگەیەک بەپێی قەبارەی دەزگاکە ئیدارەکەش دەگۆڕێت، بەڵام بۆ هەریەکێکیان بارودۆخێکی جیاواز هەیە، واتە هیچ بەرپرسێک وەک کەسێکی دی ئیدارە ناکات، چونکە سروشتی کەسەکان جیاوازە و هەریەکێکیان لەژینگەیەکی جیاوازەوە هاتوون و رۆژانەش مامەڵە لەگەڵ کەیسی جۆراوجۆردا دەکەن، لێرەوە ئیدارەکردنی ژنان و پیاوان جیاواز دەبێت.
بێگومان ئەو ژنانەی کە لە پلە و پۆستدان، ئەگەرچی یەکەم جاریشیان بێت پۆست وەرگرن، بەڵام ئەزموونێکی گرنگی خێزانییان هەیە و ئەگەر لەو دامەزراوە خێزانییەدا سەرکەوتووبوون، ئەوا توانای ئیدارەدانی دامەزراوە حکومیەکانیشیان دەبێت.
بۆچی ژمارەی ژنان لەپۆستە ئیدارییەکاندا کەمە؟
ئەگەر سەرنج بدەین کچان و ژنان، تا دوا پلەی خوێندن و نازناوی زانستی دەڕۆن و دەگەنە پلەی داهێنانیش، بەڵام کە دێتە سەر پۆست بارودۆخەکە جیاوازە، بەداخەوە سەردەمێکە شەرم لەبوونی خۆمان و لە توانای خۆمان و شەرم لە حەز و خۆشەویستی و شەرم لە داهێنان و شەرم بۆ ئەو حەزە غەریزییەی کە لە هەمووماندا هەیە ئەویش غەریزەی وەرگرتنی پۆستە، ژنان قوربانیی دەدەن بۆ حەزەکەیان لەپێناوی خۆشەویستییان بۆ منداڵ وخێزان و ماڵەکەیان، بەتایبەتی کاتێک دەزانن هیچ کەس وەک خۆیان لە خزمەتی ماڵەکەیاندا نییە.
ئەگەر چاوێک بگێڕین بە فەرمانگەکاندا، دەبینین زۆرترینی پۆستە داراییەکان لای ژنانن، چونکە بیر لە گەندەڵی ناکەنەوە و وردترن لە ژمێریاریدا، تەنانەت وەزیری دارایی عیراقیش ژنە .
بارودۆخی کۆمەڵایەتی وایخواستووە بەشێکی زۆری ژنان بیر لە مامۆستایی و بواری پەروەردە بکەنەوە، لەگەڵ ڕێزی زۆرمان بۆ مامۆستا، هەموو خۆمان بە قەرزاری ئەوان دەزانین، بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەوە بوو کە دەوامێکی دیاریکراوی هەیە و هاوینان لە ماڵەوەیە، ئەم بڕیارەش زۆرجار لەلایەن خێزانەکەیەوە بەسەریدا سەپێندراوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەشێکی زۆر لە پۆستە هەستیارەکان پیاوان بڕیاری لەسەر دەدەن، ئەمەش وادەکات زیاتر بیر لە پیاوان بکرێتەوە و کەمتر ژنان پۆست وەرگرن.
کاتێک ژن پۆستی هەستیار لە لووتکەی دەسەڵات وەردەگرێت، هەموو توانای خۆی دەخاتە گەڕ کە هەڵە نەکات، چونکە ئەگەر پیاوان یەکجار چاویان لەسەر بێت، ئەوا ژنان دووجار چاویان لەسەرە، خۆ خوانەخواستە ئەگەر هەڵەیەک بکات، ئەوا دنیا ئاخر دروست دەبێت و هەموو کۆمەڵگە سەرزەنشتی دەکەن و بەداخەوە سۆشیال میدیاش دەرگایەکی واڵاکردووە ئیدی هەرکەس بە گەزی خۆی دەیپێوێت .
کاتێک کە باس لە ئەزموونی خۆمان دەکەین، مەبەستمانە بڵێین کە ئێمە ژنانە ئیدارەمان کرد و هەرگیز هەوڵمان نەداوە وەک پیاوان ئیدارە بکەین و میهربانانە دایکانە کارمان کردووە، بەڵام هەرگیز سازشمان لەسەر کارە نایاساییەکان نەکردووە و یاسا و رێنماییەکانمان ژنانە جێبەجێکردووە، چەندین جار گوێم لەوە بووە با پیاو کارەکەمان بۆ بکات، زۆرجار زمانی راهاتووی کەلتور وای لێکردوون کە وابزانن کارەکان تەنها بە پیاو جێبەجێدەکرێن.
زمانی فەرمانکردنی ئێمە جیاوازە لە زمانی رەگەزی بەرامبەر، بیرم نایەت هەرگیز دەنگم بەرز کردبێتەوە و بە زمانێکی ناشیرین کەسم دواندبێت، بەڵام چەندین جار رووبەڕووی ئەوە بوومەتەوە کە بەرامبەرەکەم سنووری بەزاندووە و بە ناچاری فەرمانی سەرۆکێکی ژنی جێبەجێکردووە.
ڕۆژانە چەندین مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندکاری کچمان دواندووە، توانیویانە ژنانە قسەمان لەگەڵ بکەن، چونکە ئەوان لەوە تێدەگەن کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، تەنها خۆمان لە خۆمان تێدەگەین، کەواتە ئەرکی ژنان لە بەرێوەبردندا تەنها کاری بەرێکردنی کارە ئیدارییەکانە، بەڵکو پێویستە هەوڵبدەین کار بۆ ژنانیش بکەین و هاندەریان بین بۆ خۆدۆزینەوە.