"چیتر توندوتیژی بەسە"

چالاکوانێکی سیاسی و مەدەنی لە شاری کرماشان داوا لە هەموو ژنان دەکات دژی توندوتیژی بوەستنەوە، چونکە پێی وایە کاتی گۆڕانکاری هاتووە.

سەبا مەجیدی

 

کرماشان- بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، وتووێژێکمان لەگەڵ "ح.گ"، چالاکی سیاسی و مەدەنی خەڵکی شاری کرماشان ئەنجامدا، کە باس لە خاڵە گرنگەکانی جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان بەگشتی و ژنانی کرماشان بە تایبەتی دەکەین.

 

''ژمارەیەک زۆر لە ژنان سوورن بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی"

ئەم ژنە چالاکوانە لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە واتای ٢٥ی تشرینی دووەم کرد و وتی: ناونانی ٢٥ی تشرینی دووەم وەک ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، ئەوە دەردەخات کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و پیاوان لە جیهاندا سوورن لەسەر بنبڕکردنی ئەو جۆرە توندوتیژییانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان ناچار بوون گرنگی بەم بابەتە بدەن. ئەم جۆرە یادانە ئاگاداری و هۆشیاری بەکۆمەڵ و هاودەنگی و کردەی بەکۆمەڵی ژنان لە هەموو جیهاندا زیاد دەکەن. کردەوە گەلێک کە پرسی ژن و جێندەریان کردووەتە پرسی سەرەکی سەدەی بیست و یەک.

 

هەروەها لە درێژی قسەکانیدا تیشک دەخاتە سەر ئەو توندوتیژییانەی کە ژنان ڕووبەڕووی بوونەتەوە، "توندوتیژی دژی ژنان کۆمەڵێک بابەتی بەرفراوان لەخۆدەگرێت، گرنگترینیان بریتین لە توندوتیژی سێکسی، توندوتیژی زمانەوانی، ئاساییکردنەوەی نایەکسانی نێوان ژن و پیاو، بێبەشکردنی ژنان لە مافی هەڵبژاردن لە زۆر بواردا ئاماژە بکەین. زۆرێک لە ژنانی هاوتەمەنی من ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە لە بوارەکانی وەک مافی خوێندن، مافی هەڵبژاردنی هاوسەر، مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ و مافی یەکسان لەگەڵ پیاوان لە ژیانیاندا".

 

 

ئەم ژنە چالاکوانە دەڵێت: ژنان لە کرماشان تووشی چەوساندنەوەی توندی ڕەگەزی یان نەتەوەیی، مەزهەبی و پەراوێزخستن دەبنەوە. ژنانی کورد ڕاستەوخۆ ئەزموونی ئاسمیلەکردنی زمانەوانی و کولتووری سیستماتیک دەکەن و ناچار دەبن بەرەنگاریی ببنەوە و زمان و کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان لە چنگی ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی و شۆڤێنیزم ڕزگار بکەن. هەروەها ژنانی کرێکار لە شوێنی کاردا ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی زارەکی و دەروونی و سێکسی و نەبوونی ئاسایش و نەبوونی سەلامەتی و تەندروستی و جیاوازی مووچە و هتد دەبنەوە. هەروەها ژنانی سەر بە پێکهاتەی یارسان یان سوننە لە حکومەتی ئایینی ڕژێمی ئیسلامی ئێراندا ڕووبەڕووی سەپاندنی باوەڕ و نەبوونی ئازادی بیروباوەڕی دەبنەوە و هەرگیز دەرفەتی ژیانیان بە ئازادی لەسەر بنەمای بیروباوەڕەکانیان نەبووە. هەروەها لەگەڵ ستەم و هەڵاواردن کە بەهۆی دەوڵەتی نەتەوەیی ناوەندگەرایەوە دروستبووە، کە دوو ئاستی ژیانی لە پەراوێز و ژیان لە پەراوێزدا خوڵقاندووە، تێکۆشان دەکەن. کوالیتی ژیانی ناوچەپەراوێزخسوستووەکان و سنوورنشینەکان لەم سیستەمە ناوەندگەرایەدا شایستەی مرۆڤ نییە. نموونەیەک دیاردەی "کۆڵبەری"ە.

 

ئەم چالاکوانە سیاسی و مەدەنییە لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دڵخۆشم کە ڕۆژانە ژمارەی ژنانی هۆشیار لە زیادبووندایە. ئەوانەی لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیدا بێدەنگ نابن و هەوڵ دەدەن بەرامبەر ستەمکاریی بنەماڵە و کۆمەڵگە بوەستنەوە. دەمەوێت هەموو ژنان بە دەنگی بەرز لە دژی توندوتیژی هاوار بکەن و بڵێن "بەسە بەسە" و بیکەن بە دروشمێکی گشتگیر، چونکە کاتی گۆڕانکاری هاتووە، لێرە و ئێستا.