ژنانی ئاوارەی عەفرین: جەستەمان لە شەهبایە و دڵمان لە عەفرین لێدەدات
ژنانی ئاوارەی عەفرین کە لە کامپەکانی کانتۆنی عەفرین-شەهبا دەژین، وابەستەیی خۆیان بە خاکەکەیان و پێداگری خۆیان لەسەر بەرخۆدان و خەبات لە دژی هەموو ئەو سیاسەتانەی کە دژی خەڵکی عەفرین پراکتیزە دەکرێن دووپات کردەوە.
ڕوبارین بەکر
شەهبا- ئاوارەکانی عەفرین لە سەرەتای ئاوارەبوونیانەوە تا ئەمڕۆ ٧ ساڵە دروشمەکانی بەرخۆدان لە کانتۆنی عەفرین-شەهبا بەرز دەکەنەوەو بە بەرخۆدان وابەستەیی خۆیان بە خاکەکەیانەوە دووپات دەکەنەوە.
لە ساڵی ٢٠١٨وە هەزاران ئاوارەی عەفرین لە پێنج کامپی عەفرین - شەهبا لە ناوچەی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا دەژین، کامپی سەردەم ٩٩٢ چادری تێدایە کە ٩٩٢خێزانی تێدا نیشتەجێیە، کامپی بەرخەدان ٧٦٥ چادری تێدایە کە ٧٥٠خێزانی تێدایە، هەروەها کامپی عەفرین ١٣٣ چادر لەخۆدەگرێت کە ١٢٤خێزان تێیدا نیشتەجێن، لە کامپی عەودە ١٧٤ چادری تێدایە وە ١٤٢ خێزان هەن، لە کامپی شەهبا ٩٠ چادری تێدایە و ٩٠ خیزان تێیدا نیشتەجێن.
بارودۆخەکە ئیرادەی تیکنەشکاندوون
سەبارەت بە بارودۆخی ئاوارەکان و بەرخۆدانیان لە کەمپەکانی عەفرین-شەهبا، حەنیفە محەمەد، یەکێک لە ژنە ئاوارەکان کە لە کامپی سەردەم دەژی، قسەی کرد و وتی: ٧ ساڵە لە کامپەکانی ئاوارەکاندا دەژین، لەم ساڵانەدا لە ژێر ئەم چادرانەدا ژیاوین و بەسەر هەموو جۆرە ئازار و سەختییەکاندا زاڵ بووین.
دووپاتی کردەوە، وەک ساڵانی ڕابردوو بەسەر ئازارەکانی سەرمای تاڵی زستاندا زاڵ دەبن و ئەو بارودۆخە ئیرادەیان ناشکێنێت و لە ئامانجەکانیان دووریان ناخاتەوە، لە کاتێکدا هێشتا دڵیان بۆ شارەکەیان عەفرین لێدەدات.
سەلوا بەتاڵ لە کامپی بەرخۆدانەوە بانگەوازی بۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد و وتی: هیوادارین چاوێک بە بارودۆخی خۆمان بخشێنین و لێپرسینەوە لە داگیرکەری تورکیا بکەین لەبەرامبەر ئەو کارە نامرۆڤانەی دژ بە هەرێمەکەمان دەکرێت، لەژێر ئەم چادرانەداین بەهۆی داگیرکاری تورکیاوەیە، بێدەنگی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕێگە بۆ داگیرکاری دەکاتەوە کە ئەو کارە دڕندانەیە لەدژی ئێمە ئەنجام بدات، بۆیه دەبێت بێدەنگی بشکێنن و داگیرکاریی تورکیا لەسەر خاکەکەمان دوور بخەنەوە.
" بەرخۆدانمان لە شەهبا هەموو پلانەکانی دوژمنانمان شکستپێدەهێنێت"
فاتیمە عوسمانی کۆچبەر لە کامپی عەودە ئاماژەی بەوەدا، لە ماوەی چەند ساڵێکی ئاوارەبووندا، بەرگەی سەرمای تاڵی زستان و گەرمای هاوینیان گرتووە، وتی: هەموو ئەمانەش لەبەر ئەوەیە کە ڕێگای بەرخۆدانمان هەڵبژاردووە لەبەرامبەر سیاسەتەکانی داگیرکەری تورکیا کە لە دژی ئێمە پراکتیزە دەکرێن، بەرخۆدانمان لە شەهبا هەموو پلانەکانی دوژمنانمان شکستپێدەهێنێت و گەڕانەوەمان بۆ عەفرین دابین دەکات بۆیە هەروەک چۆن لە ساڵانی ڕابردوودا بەرگەی ئازارەکانمان گرت، لەگەڵ هاتنی ئەم زستانە، بەرگە دەگرین و بەرخۆدانمان زیاد دەکەین بۆ ئەوەی بۆ هەموو لایەک بیسەلمێنین کە ئیرادەمان بەهێزە و بەهێز دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی ئومێدمان هەبێت بۆ ئازادکردنی عەفرین و گەڕانەوە بۆی.
دلیڤان محەمەد ئیبیش لە کامپی عەودە وتی: ساڵانە ئازارەکانمان لە کامپەکاندا دوو هێندە زیاد دەکات، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا کە نەخۆشیەکان لە کامپەکەدا بڵاودەبنەوە، بەو پێیەی ئێمە بەدەست بارودۆخی سەختی ژیان و تەندروستییەوە دەناڵێنین لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گەمارۆ خنکێنەرەی کە سەپێندراوە لەلایەن حکومەتی شام و نەبوونی کەرەستەی گەرمکەرەوە، ئەمەش ئازارەکانمانی زیاتر کردووە.
دووپاتی کردەوە کە لە کامپەکاندا بەرگەی هەموو جۆرە سەختییەک دەگرن لە پێناو ڕزگارکردنی شاری عەفرین، هەروەها چوونیان بۆ شەهبا هەڵبژارد بۆ ئەوەی لێی نزیک بن، پیداگرن لەسەر مانەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرخۆدانیان.
" زۆرجار بە ئەنقەست ناوچەکانی تەنیشت کامپەکە بۆردومان دەکات"
ئیمان حەسەن، لە کامپی شەهباوە لە ژنانی گوندی تەل زەمان لە شاری حەلەب، کە لەگەڵ خەڵکی عەفرین ئاوارە بوون وتی: کامپی شەهبا یەکێکە لەو کامپانەی زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت، بەو پێیەی ئەم کامپە دەکەوێتە نزیک ئەو گوندانەی کە بەردەوام لەلایەن داگیرکاری تورکیاوە بۆردومان دەکرێت زۆرجار بە ئەنقەست ناوچەکانی تەنیشت کامپەکە بۆردومان دەکات، کە خەڵکی کامپەکە لەوێ بریندار دەبن.
سەبارەت بە هاوپشتی و پێکەویی پێکهاتەکانی ناو کامپەکان وتی: لە ناو ئەم کامپەدا پێکهاتە کوردی و عەرەبەکان شان بە شانی یەکتر دەژین و هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئێمەدا نییە، هەروەها ئامانجی دەوكەتی تورک و وڵاتانی دیکە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەم پەیکەری کۆمەڵایەتییە، بەڵام هەر جارێک بۆیان دەسەلمێنین کە لە بەرامبەر "پلانەکانیان"دا جێگیر دەبین.
ڕوونیشیکردەوە، دانیشتووی شاری نوبلە و لە گوندی تەل زەمان نیشتەجێ بووە، هەروەها بەهۆی بۆردومانکردنی گوندەکەی، ئاوارە بووە بۆ شاری عەفرین، دوای داگیرکردنی عەفرین، لەگەڵ خێزانەکەی ئاوارە بووە شەهباو لە کامپدا دەژی.
خانم قەنبەر، لە کامپی عەفرین، قسەی کردو وتی: داگیرکاری تورکیا بووە هۆی ئاوارەبوونمان، کامپەکە بەردەوام بە بۆردومانی بێ جیاوازی دەکرێتە ئامانج، ژیان لە کامپەکاندا زۆر زەحمەتە، بەڵام ئێمە خەڵکی رەسەنین و بەرەنگاری دەبینەوە بۆ ئەوەی ئەو مافانەمان بەدەستبهێنین کە لەلایەن داگیرکەری تورکیاوە لێمان وەرگیرا، تا کۆتا ڕۆژی ژیانمان بۆ ڕزگارکردنی عەفرین بەرخۆدان دەکەین.