"پێویستە پەروەردە لە ئامرازی سەرکوتکردن و کۆنترۆڵکردنی ئایدیۆلۆژی لاببرێت"
ئەنجوومەنی هەماهەنگی سەندیکاکانی پەروەردەکارانی ئێران لە کاردانەوە بە خۆکوشتنی دوو خوێندکار، لە ئەنجامی سەرکوتکردن لە قوتابخانەکان بە بیانووی شێوازی جلوبەرگ، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/11/20241109-20241109-shwray-hmahngy-tshklhay-snfy-dr-mwrd-khwdkshy-dw-dansh-amwz2024-jpg27e120-image-jpge9073e-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی هەماهەنگی سەندیکاکانی پەروەردەکارانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک سەبارەت بە خۆکوشتنی دوو خوێندکار، کە لەژێر کاریگەریی "بەریەککەوتنی ئایدیۆلۆژی و سەرکوتگەرانە لە قوتابخانەکان" کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا، کاردانەوەی دەربڕی و خوازیاری کۆتایی هێنان بەو پێکدادانانە بوون.
لەم ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بە خۆکوشتنی دوو خوێندکار، بە ناوەکانی ئارەزوو خاوەری، خوێندکاری پۆلی نۆی بنەڕەتی لە شاری ڕەی و ئایناز کەریمی، خوێندکاری پۆلی دوانزەی بنەڕەتی لە گوندی دریس سەر بە کازرۆن، کە بە بیانووی پۆشینی پانتۆڵی کابۆ و ڕەچاونەکردنی بنەما ئیسلامییەکان و کردنی بۆیەی نینۆک و قژی ڕەنگاوڕەنگ لە قوتابخانە دەرکراون، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، کراوە و ئەم ڕووداوانە بە ئەنجامی سیاسەتی نەریتخوازانە و بەڕێوەبردنی سەرکوتگەرانە ناوبراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەو "خۆکوشتنە نادیار و بێدەنگانە" کراوە کە لەژێر فشاری سوکایەتی و هەڕەشە بە ناوی "بەهاکان" و "ناوبانگ"دا ڕوودەدەن، بەڵام لە میدیاکاندا باس ناکرێن.
ئەنجومەنی هەماهەنگی سەندیکاکانی پەروەردەکارانی ئێران لە کۆتاییدا "بە توندی" ڕایگەیاند: پێکدادانی ئایدیۆلۆژی و سەرکوتگەرانە لە قوتابخانەکاندا نەک هەر داهاتووی خوێندکاران لەناو دەبات، بەڵکو دەبێتە هۆی لەدەستدانی گیان و پاڵنەریشیان دەبێت بۆ خۆکوژی، ئێمە داوای کۆتایی هێنان بە سیاسەتە ئایدیۆلۆژییەکان دەکەین، بۆ لابردنی ڕوانگەی سووکایەتیکردنی خوێندکاران و ڕێزگرتن لە ئازادییە تاکەکەسییەکان و مافەکانی مرۆڤ. دەبێت سیستەمی پەروەردە لە ئامرازی سەرکوتکردن و کۆنترۆڵکردنی ئایدیۆلۆژی دوور بکەوێتەوە و ڕوانگەیەکی ئینسانی و مەعریفە شوێنی بگرێتەوە.
لە هەفتەی ڕابردوودا دوو خوێندکار بە بیانووی شێوازی جلوبەرگ یان ئەوەی پێی دەوترێت "ڕێکارەکانی ئیسلامی" لە قوتابخانە دەرکران و لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە فشاریان خرایەسەر، لە ئەنجامی ئەو فشارانەدا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.