پەرەستوو ئەفشاری نەژاد بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی بانگهێشت کرا
تا ئێستاش دەسەڵاتدارانی ئێران سزای ناڕەوا بەسەر ئەو ژن و کچانەدا دەسەپێنن کە بەشدارییان لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" کردووە و حیجابی ناچارییان لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی ڕەتکردووەتەوە، یەکێک لەو ژنانەش پەرەستوو ئەفشاری نەژادە.
ناوەندی هەواڵ
دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ جێبەجێکردنی ئەو سزا زیندانییەی کە لە دژی دەرچووە، پەرەستوو ئەفشاری نەژاد، کە لە شاری ئیسفەهان نیشتەجێیە، بانگهێشتی لقی یەکەمی دادگای ئینقلابیان کرد لە شاری ئیسفەهان.
بەپێی ئەوەی لە میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە، دادگای ئینقلاب لە ئیسفەهان بە هۆی چالاکییەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئینستاگرام" بە تۆمەتی "ڕیکلامکردن دژی سیستم"، حوکمی یەک ساڵ زیندانی بەسەر پەرەستوو ئەفشاری نەژاددا سەپاند.
پەرەستو ئەفشاری نەژاد، دایکی منداڵێکە، لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، کە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی لەسەر دەستی پۆلیسی ئەخلاقی دەسەڵاتداران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا.
ناوبراو بۆ زیندانی دۆڵە ئاباد لە شاری ئیسفەهان گواسترایەوە، تا بەشێوەیەکی کاتی تا ئەوکاتەی ڕێکارەکان تەواو دەبن، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئێرانی ئازاد کرا ، دواتر تۆمەتبار کرا بە "نافەرمانی حیجابی ناچاری و هاندان دژی حکومەت و داواکردن لە خەڵک شەڕ بکەن و یەکتر بکوژن".