پەرتوکی ئەشکەنجەی سپی؛ گفتوگۆ لەگەڵ سێزدە ژنی زیندانی سیاسیدا
پەرتوکی ئەشکەنجەی سپی لە ئامادەکردنی نێرگز محەمەدییە و وەرگێڕانی لە فارسییەوە لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ ڕوناک شوانییەوە کراوە، گفتوگۆیەکە لەگەڵ سێزدە ژنی زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێراندا و لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب بەردەست دەبێت.
ناوەندی هەواڵ
پەرتوکی ئەشکەنجەی سپی؛ گفتوگۆ لەگەڵ سێزدە ژنی زیندانی سیاسیدا لە نووسینی نێرگز محەمەدی، زیندانی سیاسیی زیندانیکراوە لە زیندانی ئێڤین، کە گفتوگۆیەکە لەگەڵ سێزدە ژنی زیندانی سیاسیدا لە زیندانەکانی ئێراندا، لەلایەن ڕوناک شوانی، نووسەر و وەرگێڕی باشووری کوردستان وەرگێڕانی لە فارسییەوە بۆ سۆرانی بۆ کراوە.
پەرتوکەکە وەک وەرگێڕ باسی دەکات، نە چیرۆکە نە ڕۆمانە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا کۆمەڵێ داستانی ئازار و خۆڕاگریی ژنانی زیندانەکانی ئێرانی تێدایە.
لە بەشێکی پەرتوکەکەدا نووسەر دەڵێت: کاتێک لێکۆڵەر و کاربەدەستەکان کارێکیان بە زیندانییەکان هەبووایە،یان بەدوای تاوانبارەکاندا هاتبایەن بۆ ئەوەی بۆ لێپرسینەوەی ببەن، زەنگیان لێ دەدا، زەنگەکە هەر وەک زەنگە کۆنەکانی ماڵان وابوو، نازانی دەنگی ئەم زەنگە چلۆن بەندی دڵی دەپساندم، زرمەی پێی ژنەی بەندیوان دەستی پێ دەکرد، تەق، تەق، تەق. گەر لە بەردەم دەرگەی ژوورەکەمدا بوەستایە، دڵم بەردەبووەوە، کەواتە لێپرسینەوەم هەیە، ئەگەر ژوورەکەی تێپەڕاندایە و بڕۆشتایە، خەمی ئەوەم دەخوارد بۆچی لێەرە دەمێنێتەوە و تا کەی؟، پاش ئازادبوونم، چەندین جار ئەم دەنگەم لە خەو و بێداریدا بەر گوێ دەکەوت، دڵەڕاوکێ بە دەمارەکانمدا تەشەنەی دەکرد و کەسیرەی دەکردم...
ڕوناک شوانی لە بارەی پەرتوکەکەوە دەڵێت: دروستە ئەم کتێبە نە چیرۆکە نە ڕۆمانە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا کۆمەڵێ داستانی ئازار و خۆڕاگریی ژنانی زیندانەکانی ئێرانی تێدایە، لەگەڵ پێشەکییەک سەبارەت بە ژنە غەدرلێکراوەکەی کورد زەینەب جەلالیان لەلایەن وەرگێڕەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، "گەر لە ڕۆژانی ٢٨ی تشرینی دووەم، تا ٨ی کانوونی یەکەم لە سلێمانی سەردانی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبتان کرد، چاوێک بەم کتێبەدا بخشێنن، ڕەنگە بەدڵتان بێ".
پەرتوکەکە یەکێکە لە پەرتوکە نوێیەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بۆ ساڵی ٢٠٢٤ و گێڕانەوەی یادەوەری ١٣ ژنی زیندانی سیاسییە لە زیندانەکانی ئێراندا، لە بەرامبەر ئەشکەنجەی سپی ئەو ڕژێمە، کە بۆ شکاندنی ئیرادەی زیندانییەکان بەکاری دەهێنێت.
جێی ئاماژەیە، ئەشکەنجەی سپی، لە وڵاتی ئێران ئەشکەنجەدانێکی سایکۆلۆجی دەگمەنە، لە ژوورێکی سپیدا زیندانی دەکرێت، سەقف و دیوار و ئەرز و دەرگای ژوورەکە هەمووی سپیە بە جلوبەرگی زیندانییەکەشەوە، ژوورێکی بێ دەنگ و بێ کەرەستەیە، لە قاپی سپیدا خواردنت بۆ دەهێنن، خواردنەکەش تەنها برنجی سپیە، بەهیچ جۆرێک ڕەنگی تر نابینرێت. ئەم جۆرە ئەشکەنجەیە لە جیهاندا قەدەغە کراوە.
لە بارەی ئەشکەنجەی سپییەوە، ئەمیر عەباس فەخر ئاور، نووسەری ئێرانی، کە چەندین مانگ ئەشکەنجەی سپی دراوە، دەڵێت "کە ئیتر جگە لە سپی رەنگی تر نابینیت، دوای ماوەیەک دنیات بیردەچێتەوە، نازانیت کێ باوکت بوە، کێی دایکتە... ئیتر دەتوانن وات لێ بکەن بڕوا بە هەموو شت بهێنیت، چونکە ئیرادەت دەشکێت و هێدی هێدی کۆنترۆڵ دەکرێیت".
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دوای ئاشکرابوونی شێوازی ئەشکەنجەی سپی لە ئێران لە ٢٠٠٤دا، ئیدانەی توندی ئەم ئەشکەنجەیەی کرد و داوای ڕاگرتنی کرد.