ڕاپۆرت: ٤٠٪ هەموو گیانلەدەستدان لە شەڕەکاندا ژنن

ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە، ڕێژەی کوژراوانی ژن لە شەڕە چەکدارییەکان لە ساڵی ٢٠٢٣ دوو هێندە زیاد دەکات، چونکە ژنان ٤٠٪ی کۆی گشتی کوژراوان لە شەڕەکاندا پێکدەهێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنان و منداڵان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت لە کاتی شەڕ و ململانێکاندا، چونکە بەرکەوتەی ئاستێکی بێوێنەی توندوتیژی دەبن و ڕووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی.

 

لە ڕاپۆرتێکدا کە ٢٣ی تشرینی یەکەم لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە بۆنەی ٢٥ ساڵەی پەسەندکردنی بڕیارنامەی ژمارە ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایش، کە جەخت لەسەر ڕۆڵی گرنگی ژنان دەکاتەوە لە بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاسایشدا ئامادەکرابوو، ئاشکرایکردووە، ڕێژەی کوژراوانی ژنان لە شەڕە چەکدارییەکان لە ساڵی ٢٠٢٣بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ دوو هێندە زیادیکردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ژنان ٤٠٪ی کۆی گشتی کوژراوانی شەڕەکان پێکدەهێنن.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا ٣٣ هەزار و ٤٤٣ حاڵەتی گیان لەدەستدانی لە ناو خەڵکی مەدەنی لە شەڕە چەکدارەکاندا تۆمارکردووە، کە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢بە ڕێژەی ٧٢٪ زیادی کردووە، هەروەها ڕێژەی کوژرانی ژنان و منداڵان دوو هێندە زیادی کردووە، هەروەها ژنانیش ڕووبەڕووی ئاستێکی بێوێنەی توندوتیژی بوونەوە.

 

ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە ٧٠٪ی ئەو کوژراوانە لە کەرتی غەززە ڕوویانداوە لە ئەنجامی شەڕی بەردەوامی نێوان حەماس و هێزەکانی ئیسرائیل، بەمەش بووە کوشندەترین شەڕ بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی لە ساڵی ٢٠٢٣،

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ژنان لەو ناوچانەی شایەتحاڵی شەڕ و ململانێکانن ڕووبەڕووی سەختی زیاتر دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی ڕۆژانە ٥٠٠ ژن لە وڵاتانی تووشبوو بە ململانێدا گیان لەدەستدەدەن بەهۆی ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە دووگیانی و منداڵبوون، لەگەڵ کەمیی توندی پێداویستییە پزیشکییە سەرەتاییەکان.