هەڵمەتی ڤیدیۆیی بۆ پشتیوانی لە وریشە مورادی دەستی پێکرد
پلاتفۆرمی دیموکراتیکی فراملیتی ژنان بۆ پشتیوانی لە وریشە مورادی هەڵمەتێکی ڤیدیۆیی دەستپێکردووە و زۆرێک لە چالاکوانانی بوارە جیاوازەکانی جیهان پشتگیریان لەم هەڵمەتە کرد.
ناوەندی هەواڵ
پلاتفۆرمی دیموکراتیکی فراملیتی ژنان، بە دەستپێکردنی هەڵمەتێکی ڤیدیۆیی پشتیوانی لە وریشە مورادی دەکەن، کە زیندانی سیاسی سزادراوە بە "بەغی-خیانەت" و لە ١٠ی تشرینی یەکەمەوە مانی لە خواردن گرتووە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان.
زۆرێک لە تێکۆشەرانی بوارە سیاسییە جۆراوجۆرەکان، مافی مرۆڤ، مافی ژنان، کۆمەڵایەتی، فێمینیستەکان، زیندانیانی سیاسی پێشوو، بە تایبەت زیندانیانی ساڵانی شەستەکان، بنەماڵەی داواکاران، ئەندامانی بنەماڵەی داواکارانی دادپەروەری، دایکانی ئاشتی، هونەرمەندان و هتد، لە هەموو جیهانەوە بە ناردنی ڤیدیۆ، داوای پشتگیری و ئازادی بۆ وریشە مورادی لە زیندان دەکەن.
ڕۆزما، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی شۆڕشگێڕی ئەفغانستان، بۆ پشتیوانی لە وریشە مورادی ڕایگەیاند: ئێمە دەزانین کە وریشە نەوەی شیرین عەلەمهولی و زەینەب جەلالیانە و هەرگیز ڕادەست نابێت.
هەروەها چالاکوانێکی دیکەی مافی مرۆڤ دەڵێت: چاوەکانت لە مانگرتن بێخەو بوون، بەڵام نیگاکانت پڕن لە سۆزی بەرخۆدان و ڕووناکی ژیان، دووبارە تۆ واتادەری دروشمی "بەرخۆدان ژیان"ەیت.
شیوا عاملی ڕاد، چالاکوانی ژنان و مامۆستا، بۆ پشتیوانی لە وریشە مورادی دەڵێت: هەست بە توڕەیی و ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی وریشە دەکەم.
نەسیم محەمەدی، چالاکوانی کۆمەڵایەتی، مانگرتن لە خواردنی بە دەنگێک ناوبرد کە "زیندان ناتوانێت بێدەنگی بکات" و ئەم چالاکوانە مانگرتن لە خواردنی وریشە مورادی بە "بانگەوازێک بۆ ئازادی" ناوبرد.
شەهرە قەنبەری، چالاکوانی سیاسی چەپ و یەکێک لە چالاکوانانی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی دادگاییکردن، وریشە مورادی بە تێکۆشەرێک ناو دەبات کە "زیندانی کردە ناوەندێکی خەبات دژی جمهوری ئیسلامی".
نیما مەشعوف (توێژەر لە مۆنتریال)، نەسرین (چالاکوانی مەدەنی)، مەرسدە قائیدی (ئەندامی بنەماڵەی خاوەران و زیندانی سیاسی پێشووی ساڵانی شەستەکان)، لەیلا قەرائی (چالاکوانی سیاسی سۆسیالیستی و ڕێکخەری تۆڕی ژنان لە سوید)، پێترا لە ئەڵمانیا، نەسیم موقرەب (چالاکوانی مافی ژنان)، کاتا کرسۆن (هونەرمەندی کەنەدی)، مەهین خەدیقی (شاعیر، نووسەر و بڵاوکەرەوە)، فاتمە ڕەزایی (چالاکوانی مافی مرۆڤ و یەکێک لە لایەنگرانی دایکانی پارکی لالە)، شاهین نەوایی (سۆسیالیستی فێمینیست و چالاکوانی بزووتنەوەی ژنان)، شیدا ڕەحیمی (ئەندامی دایکانی ئاشتی و چالاکوانی ژنان)، پەروین ئەشرەفی (چالاکوانی سۆسیالیستی و چالاکوانی مافی ژنان)، چەند دایکێکی ئاشتی لە شاری سنە، نیگار ڕەشیدی (چالاکوانی فێمینیست و نەتەوەیی ئینتەرسێکشناڵ)، سالومە ڕەحیمی (فێمینیست و چالاکوانی خوێندکاری لە ئەمریکا)، ئانا چاتەرتۆن (هونەرمەندی شانۆ)، سروە حوسنی (هونەرمەند و چالاکوانی کۆمەڵایەتی) لەو چالاکوانانەن کە بە ناردنی ڤیدیۆ پشتگیریان لە وریشە مورادی و مانگرتنەکەی لە خواردن کردووە.