تۆری شەمس: ١٢٤ سکاڵای لایەنە سیاسییەکان تۆمار کراون

تۆڕی شەمس بۆ چاودێری ‌هەڵبژاردن ئاماری ئەو پێشێلکاریی و گرفتانەی بڵاو کردەوە کە چاودێرانیان لە ڕۆژی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ئەمڕۆ تۆڕی شەمس بۆ چاودێری ‌هەڵبژاردن ئاماری ئەو پێشێلکاریی و گرفتانەی بڵاو کردەوە کە چاودێرانیان لە ڕۆژی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ٢٠ی تشرینی یەکەم، تۆمارییان کردووە و تیایدا هاتووە، لە بەشێکی زۆری بنکەکانی دەنگدان هەڵمەتی پروپاگەندەی هەڵبژاردن و کاندیدەکان بینراوە، کە ئەوە پێشێلی یاسا و ڕێساکانی ڕۆژی هەڵبژاردنە.

 

بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕەکە، کە لەلایەن هۆگر چەتۆ، ڕێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردن، خوێندرایەوە، بەهۆی نەبوونی شارەزایی و کەمی کارمەندانی کۆمسیۆن لە بەشێک لە بنکەکان ئاڵۆزیی و گرفت جێبەجێکردنی ڕێکارەکان هەبووە. بەشێوەی بەردەوام و جیاواز چ لە دەستپێک و ناوەڕاست و چ لە کۆتایی هەژمار کردنی دەنگەکان، تێبینی دوورخستنەوەی بریکارانی لایەنی سیاسیی و چاودێرانی تۆڕی شەمس کراوە.

 

لەگەڵ ئەوانەشدا دیاردەی شکاندنی نهێنی دەنگدان بە بەکارهێنانی مۆبایل تۆمار کراون، هاوکات توندوتیژی هەڵبژاردن لەنیوان کارمەندانی کۆمسیۆن و هێزە ئەمنییەکان، کارمەندان و دەنگدەران و بریکاری لایەنە سیاسییەکان ڕووی داوە، گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران بەردەوام بووە.

 

ڕێکخەری تۆڕەکە وتیشی، لە کاتی جیاکردنەوەی دەنگەکانیش، ٣٤ حاڵەتی نەبوونی لێکچوون لەنێوان هەژمارکردنی ئەلکترۆنی و دەستیدا تۆمار کراون، ١٢٤ سکاڵای لایەنە سیاسییەکان بە درێژایی ڕۆژی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تۆڕی شەمسەوە تۆمار کراون.