دیالۆگێکی تایبەت لەسەر " ژنان و پرسی هەڵبژاردن" ئەنجامدرا
دیالۆگێکی تایبەت لەسەر گرنگی ڕۆڵی ژنان لە بەشداریکردنی کایە سیاسیەکان و ئاماری بەربژێرانی ژن لە پەرلەمانی هەرێمی کوردساتان بۆ خولی شەشەم، بە ئامادەبونی ژنانی بەربژێر و سیاسەتمەدار ئەنجامدرا.
سلێمانی
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە کارگەی کولتووری جگەرەکە، لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان بە هاوکاری ڕێکخراوی فریاگوزاری نەرویجی، دیالۆگێکی هەمەچەشن و گشتگیر تایبەت لەسەر " ژنان و پرسی هەڵبژاردن" بەڕێوەچوو.
لە دیالۆگەکەدا هەریەک لە شایی ئارام، هاوڵاتی، هانا شوان، بەربژێر، پەیمان عێزەدین، پارێزەر و پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، چراخان خورشید، ئەندامی بەرەی بایکۆت، بەهار عەبدول ڕەحمان، بەربژێر، بەهار مونزیر، چالاکوانی مافی ژنان بەشداربوون.
لە سەرەتای دیالۆگەکەدا ئاماری دەنگدەران و بەربژێران، لە ژێر ناونیشانی "ڕۆڵی ژنان لە دەنگدان بە کاندیدە ژنەکان لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا" خرایەڕوو، کە دوو ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٥٧٨ دەنگدەر هەیە، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و ٤١٣ هەزار و ٥٧٨ دەنگدەریان ژنن، هەزار و ١٩١ بەربژێر بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەچنە پرۆسەی هەڵبژاردمن و لەو ژمارەیەش ٣٦٨یان ژنن. بە گوێرەی دانیشتووانی پارێزگاکان کورسی پەرلەمان دابەشکراوە، کە بە پێی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە؛ ٣٨ کورسی بۆ سلێمانی، ٣٤ کورسی بۆ هەولێر، ٢٥ بۆ دهۆک و ٣ کورسی پەرلەمانیش بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەستنیشان کراوە.
"دەبێت ئاستی ژنان بەرز بکرێتەوە"
چراخان خورشید، ئەندامی بەرەی بایکۆت، لە درێژەی پانێڵەکەدا باس لە ئەرک و مافی هاوڵاتیان بەرامبەر هەڵبژاردنەکان دەکات، دەڵێت: دەنگدان هەبوونی دەنگ هەڵبڕینێکی ئازادانەیە، بەڵام ئەزموونی پێنج ساڵ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتیان دەڵێت، هەڵبژاردن نەیتوانیوە گۆڕانکاری حەقیقی لە هەرێمی کوردستان بکات، حزب و لایەنە سیاسییەکان دەسەڵات و فەرمانڕەواییان کردووەتە پستاوپش، کە بۆتە هۆکاری بێ هیوابوونی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەو فەرمانڕەوایەی هاوڵاتیان دەیانویست لە خولەکانی پێشووی پەرلەماندا بەدەستیان نەهێنا بۆیە بەرەی بایکۆت بەردەوام لە گەورەبوندایە، پێویستە ئێمە لە ڕێگای دیموکراسییەوە ڕۆڵی ژنان زیاتر بەرەوپێش ببەین، بەڵام هەژموونی حزبەکان بەسەر کایەکانی دەسەڵاتەوە زیاتر دەبیندرێت، لە کاتێکدا حزب و لایەنەکان هێزی سەربازی و قوتی هاوڵاتیان بەدەستەوە دەگرێت، ئەم حزب و دەسەڵاتەش بۆتە هۆکاری لاوازی بڕیاردان لە پەرلەماندا، بە هۆکاری ئەوەی حزب دەستوەردانی تەواوی لە پەرلەماندا تێدا بەدی دەکرێت.
شایی ئارام، هاوڵاتی، وەک پانێڵیستێک باس لە پرسەکانی هەڵبژاردن دەکات، دەڵێت: کاتێک هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت هاوڵاتیان دەتوانن دەنگیان بکەنە ناڕەزایەتییەک بەرەوڕووی حکومڕانییەکی هەڵە لە باشووری کوردستاندا، ئەو حکومڕانییەی ماوەی ٣٠ ساڵە لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێوە دەچێت، ئەوە دەخاتەڕوو پەرلەمان لە دەسەڵاتی حزب و لایەنێکدا کاردەکات، بەڵام بارودۆخی ئابووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان بەردەوام بەرەو ئاقاری خراپتر گوزەر دەکات، هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ دەنگدەران تا بتوانن لە خولی شەشەمی پەرلەماندا بەردەوامی بە دەسەڵاتێکی نوێ بدەن تا مافەکانیان دەستەبەر بکات، هەروەها بەربژێران ڕۆڵی سەرەکی ببینن لە پەرلەماندا، بە تایبەت پەرلەمانتارانی ژن ڕۆڵی سەرەکیان هەبێت بۆ بابەتەکان و یاساکانی تایبەت بە ژنان.
پەیمان عیزەدین، پارێزەر و پەرلەمانتاری خولی سێهەم لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، باس لە ئەرک و مافەکانی پەرلەمان دەکات و دەڵێت: لە خولەکانی دیکەی پەرلەماندا پێویستی دەکرد وەک هاوڵاتیەک بایکۆتی دەنگدان هەڵببژێرم، بە هۆکاری هەڵەی حکومڕانی لایەنەکان، بەڵام لەم خولەی ئێستادا بۆ گۆڕانکاری لە حکومڕانیدا پێویست بە ئەنجامدانی دەنگدان دەکات، ئێمەی دەنگدەر لەبەردەم دەرگای گۆڕانکاریەکانین لە هەرێمی کوردستان و عێراقیشدا، لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنەکاندا ئەوەندە قەوارەی سیاسی لە دەرەوەی حزبە ماوە بەسەرچووەکان هەیە بۆ ناردنیان بۆ گۆڕانکاری لە پەرلەماندا دەتوانین هاوڵاتیان هان بدەین بۆ ئەنجامدانی دەنگدان، ژنان لە هەر کایەیەکی سیاسیدا ڕۆڵ بگێڕێت گرنگە ئیش بۆ ژن بکەن، هەم وەک ژن کار بکات. پێویستە ژنان لە هەموو کایە سیاسییەکان تێبگات تا کار بۆ پرسەکانی ژنان بکات، بریاردانی ژنان لە پەرلەمان لەسەر یاساکان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە یاساکانی پەرلەماندا دەمێنێتەوە.
"دەبێت ژنانی کاندید کار بۆ ژنان بکەن"
هانا شوان، بەربژێر، باس لە ڕۆڵی دەنگدەران لە پەرلەماندا دەکات و وتی: پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن کایەکی گرنگی پەرلەمان پێک دەهێنێت، هەبوونی ئارامی لە ڕێوڕەسمەکانی هەڵبژاردندا گرنگی تایبەتی هەیە، هەبوونی بەربژێرانی ژن لە کابینەی شەشەمدا جیاوازتر لە کابینەکانی دیکە دەردەکەون، بەردەوام ڕۆڵی ژنبوونی خۆیان دەسەلمێنن، پێویستە ئەو ژنانەی دەچنە پەرلەمان بەبێ هەبوونی جیاوازی و ئەجێدای حزبایەتی کار بۆ پرسەکانی ژنان بکەن، نمونەی خولەکانی دیکەی پەرلەمانمان لەبەردەستدا هەیە، کاتیک ژنانێکی کەم لە پەرلەماندا هەبوون. بەڵام بەهۆی چالاکیان لە پەرلەماندا چەندین کاری گرنگیان بۆ پرسەکانی ژنان ئەنجام داوە، کە ژنان ڕۆڵیان تێدا دەگێڕا و لە ئێستادا ژنان سودی لێ وەردەگرن، بە نمونە لە خولەکانی دیکەی پەرلەماندا ڕێژەی یاسایی ژنان تەواو نەبوو تا دابەش ببن بەسەر لیژنەکاندا، لە ئێستادا ئێمەی ژنان ئەرکمان کۆدەنگیە لەسەر مافەکانی ژنان، کارکردن پێکەوە هیوا دەداتە ژنانی هەرێمی کوردستان.
بەهار عەبدول ڕەحمان، بەربژێر، ئاماژە بەوەدەکات، ئەنجامدانی هەڵبژاردن ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە گۆڕانکاری سەرتاسەر لە حزبەکاندا، هەروەها بڕیاردانی ژنان گەیشتنە بە ناوەندەکانی بڕیاردان و ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن لە یاساکانی ژنان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، بە گوێرەی ئەو ڕاپرسییەی لە ساڵی ٢٠١٠دا ئەنجاممداوە، لە ٪٥٤ی دەنگدەر ژنان دەبن، بەڵام لە ٪١٦ دەنگی بە ژن داوە، ئەمە دەبێتە هۆکاری بڵاوبونەوەی هۆشیاری تەواو بۆ ژنان تا دەنگەکانیان بدەنە پاڵ ژنان، ژنان لە پەرلەماندا توانایان زیاترە بۆ بەدەستخستنی مافەکانی ژنان و منداڵان، دەبێت ڕۆڵی ژنان هەبێت بۆ دانانی بنەمایەکی تەندروست بۆ بەرەوپێشبردنی تواناکانی ژنان، هەروەها لە پەرلەماندا وەک کارەکتەرێکی سیاسیی تەماشا ناکرێت، دیاریکردنی ژنان بە کۆتا هۆکاری سەرەکیە بۆ سەیرنەکردن و قبوڵ نەکردنی ژنان وەک کارەکتەرێکی سیاسیی.
بەهار مونزیر، چالاکوانی مافی ژنان، لە درێژەی دیالۆگەکەدا جەختی لە ڕۆڵی ژنان لە پەرلەماندا کردەوە و وتی: لە سەرەتای مێژووی دەنگدانەوە ژنان مافی دەنگدانیان پێ نەدراوە، هەرگیز ڕێگەیان بە ژنان نەداوە وەک سیاسەتمەدارێک لەلایەن هاوڵاتیانەوە تەماشا بکرێن، ژنانێکی زۆر لە سەدەکانی ڕابردوودا ژیانی خۆیان دادەنا لە گەیاندنی دەنگەکانیان بە پەرلەمان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژنان وەک کایەکی سیاسی تەماشا ناکرێت تەواوی ئەو لیژانەی پیاوان ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت، دەتوانن لە پەرلەماندا خاوەن بڕیاربن، بەڵام ژنان لە کایە سیاسییەکاندا بەردەوام ڕۆڵی گرنگیان دەگێڕا تا بتوانن بگەن بەو ئامانجەی بەردەوام لە پێناویدا خەبات دەکەن، ژنان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەهۆی ئەو هەوڵ و کۆششانەی ئەنجامیاندا لە ساڵانی ڕابردوو بەرامبەر ئەقڵیەتی پیاوسالاری، کەمتر ڕوبەرووی ئەو توندوتیژیانە بوونەوە کە ژنانی دیکە لە خولەکانی دیکەدا ڕوبەڕووی دەبوونەوە، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ چەسپاندنی ڕۆڵی ژنان لە خولی شەشەمی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستاندا.