شاندی ئیتالیا سەردانی دامودەزگاکانی شەنگالیان کرد

شاندێکی ئیتاڵی کە پێکهاتوون لە ڕۆشنبیران و چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و پزیشکان، سەردانی شەنگالیان کرد.

شەنگال

 

شاندێکی ئیتاڵی کە پێکهاتبوون لە ڕۆشنبیران، چالاکوانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان، نووسەران و پزیشکان، لە چوارچێوەی پڕۆژەی هاوکارییەکانی ئەمساڵدا، سەردانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم خودی-مەخموور و شەنگال و چەندین شوێنی دیکەیان کرد.

 

شاندە ئیتاڵییەکە بە ئامانجی هاوکاریکردنی خەڵکی شەنگال، سەردانی دامودەزگاکانی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێیان کرد، سەرەتا لەگەڵ تاژێ داواکاری و پێشنیارەکانی ژنانی ئێزدییان وەرگرت و تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان خزمەتگوزاری تەندروستی بوو، دواتر شاندەکە سەردانی دامەزراوە تەندروستییەکانی خانەسۆر، تل عوزێر، بۆریک، سەردشت و شەنگالیان کرد.

 

"هەر ژنێکی ئێزدی چیرۆکی فەرمانی خۆی هەیە"

شەمێ ڕەمۆ، ئەندامی تاژێ، پێشوازی لە شاندەکە کرد و وتی: هەموو ژنێک لە کۆمەڵگەکەماندا چیرۆکی فەرمانی خۆی هەیە، چونکە هەموومان بەو دۆخەدا تێپەڕین. هەموومان چیرۆکمان هەیە، بەڵام گوزارشتکردنیان ئەستەمە. چەندین کچ و ژنی ئێزدیمان لە کامپی هۆڵەوە هێناوەتەوە و هەموو چیرۆکەکانیان بۆ گێڕاینەوە. ماوەیەک لەمەوبەر ٢ کچی ئێزیدی لەلایەن قەسەدە ڕزگار کران و هێنران و ڕادەستی ئێمە کران، هەروەها خێزانەکانیان بەیەک شادبوونەوە، بەڵام بەداخەوە خێزانەکانیان لە باشووری کوردستانن، ئێمە مافی خۆمانمان دەوێت، هەزاران کچ و ژنی ئێزدی لە وڵاتاندا بڵاوبوونەتەوە، دەمانەوێت بیانهێنینەوە، بەڵام هیچ ڕێگەیەک نییە.

 

"پێویستە پڕۆژەی ژنان لە شەنگال زیاتر بێت"

 

ئیهرام حەسەن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ، وتی: دوای ئەو فەرمانەی کە بەسەرماندا هات، هەندێک مافی ژنان بەدەستهات، ئێمە وەک ژنانی ئێزدی بە پێویستی دەزانین ماڵی ژنان دروست بکەین. بۆ ئەوەی بتوانرێت کار بکرێت، دەبێت چێشتخانە و بەرگدروو و چەندین پڕۆژەی جیاواز بکرێتەوە بۆ کارکردن. بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بژین و لەسەر پێی خۆیان بوەستن.

 

جیهان خەلۆ لە سەرەتادا بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد و وتی: ئێمە سەردانەکەتان بە نرخ دەبینین، لە ئاستی جیهاندا چەقبەستوویەک هەیە، چونکە سیستەمی یەک نەتەوە و یەک ئاڵا لە هەموو شوێنێک جێبەجێ دەکرێت. لەسەر ئاستی دەوڵەت ناسیۆنالیزمێکی زۆر هەیە، بەڵام بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ هەموو ئایین و بیروباوەڕ و کولتوور و زمانەکان دەگرێتەوە. شەنگال هەموو نەتەوە و ئایینەکان دەگرێتەوە. خۆبەڕێوەبەریش لەسەر بنەمای نەتەوەی سیموکراتیک دامەزرا و لەسەر ئەو بنەمایەش ناساندن و بڵاوکردنەوەی ئەم هزرە گرنگە.

 

 

یەکێک لە ئەندامانی شاندی ئیتاڵیا بۆ نوژنها دوا و وتی: ئێمە وەک تیمێکی خۆبەخش ئەم کارە دەکەین کە هەرگیز هاوکاری دارایی لە دەوڵەت و لایەنەکانی دیکە وەرناگرین، ئێمە لە ڕێگەی بۆنە خێرخوازییەکانەوە پارە و هاوکاری کۆدەکەینەوە و بۆ ئەو جۆرە پڕۆژانە بەکاری دەهێنین. هەوڵمان دا چەندین پڕۆژە لە کوردستان پەرە پێبدەین. لە باکووری کوردستان لە چەندین شوێنی جیاوازدا لەگەڵ کورد کارمان کردووە و هەوڵی پەرەپێدانی پڕۆژەی بەنرخیش دەدەین. پڕۆژه سەرەکییەکانمان سەبارەت بە بنیادنانی دامەزراوەی تەندروستی و خولی خوێندن و ڕاهێنان بووە بۆ ژنان، ئێمە دەمانەوێت بە تایبەتی کار بۆ ئەم هەرێمە بکەین. بەتایبەتی ئێمە دەمانەوێت خزمەتی ژنان بکەین، چونکە بەداخەوە قوربانیانی ئازار و شەڕ و فەرمانەکان ژنن، خۆشحاڵ بووین کە ئەمڕۆ ژنانی ئێزدی لە ئاستی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا دەبینین و ئەمەش نموونەیەکی جیهانییە.