مەراسیمی چلەی گیانبەختکردووان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بە شکۆوە بەڕێوەچوو

لە مەراسیمێکدا لە کۆمپانیای چەتر، بە بەشداری بنەماڵەی شەهید هێرۆ و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان، چلەی ڕۆژنامەنووسانی ئازادی گیان بەختکردوو گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بەڕێوەچوو.

سلێمانی

 

چل ڕۆژ بەسەر بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسانی ئازادی گیان بەختکردوو گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین تێپەڕی، کە لە ٢٣ی ئابی ئەمساڵدا لەسەر ڕێگای سەیدسادق-هەڵەبجە، لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکی میدیایی کۆمپانیای چەتردا، لەلایەن فرۆکەی بێفرۆکەوانی دەوڵەتی تورکیاوە کرانە ئامانج، ئەمڕۆش لە کۆمپانیای چەتر بە مەراسیمێکی شایستە و بە بەشداری بنەماڵەی شەهید هێرۆ بەهادین، ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و هاوڕێ و هاوکارانی هەردوو ڕۆژنامەنووس و ئازادیخوازان یادی ئەو گیان بەختکردووانە کرایەوە.

 

لە مەراسیمەکەدا وێنەی گیان بەختکردووان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بە گوڵ و مۆم ڕازێندرابوونەوە، مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی ئەو گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و ڕۆژنامەگەری ئازاد دەستی پێکرد.

 

شۆخان میرزا، وتاری ڕۆژنامەنووسانی ژنی ئازادی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا، ئەگەرچی دەوڵەتی تورکیا دوو لە ڕۆژنامەنووسانی ئازادی شەهید کرد، بەڵام ڕێبازی شەهیدان بە قەڵەم و پێنووسەکەیان لەلایەن ڕۆژنامەنووسانی ژنەوە بەردەوامی پێدەدرێت.

 

هەروەها پەیامی بنەماڵەی هێرۆ بەهادین، لەلایەن دایکی و پەیامی بنەماڵەی گوڵستان تارا لە ڕێگەی ڤیدیۆییەوە پێشکەش کرا و سڵاویان لە هەموو شەهیدان و وڵاتپارێزان کرد و دووپاتیان کردەوە کە شانازی بە کچەکانیان و هەموو شەهیدانی دیکەوە دەکەن.

 

لە مەراسیمەکەدا چەندین وتار خوێندرانەوە، لەوانە وتاری کۆمپانیای چەتر، لەلایەن سەمیرە سەعید، وتاری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لقی سلێمانی، لەلایەن هانا شوان، وتاری سەنتەری میترۆ لەلایەن دیاری محەمەد، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لەلایەن ڕووناک مەجید خوێندرانەوە و چەندین کەسایەتی وەک دڵزار عارف، محەمەد ئەمین پێنجوێنی، مامۆستا مەلا نادر چەند وتەیەکیان پێشکەشکرد.

 

هەر لە مەراسیمەکەدا سینەفزیۆنێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین پێشکەشکرا و لە کۆتایشدا سەید میهردادی موشعشعی تەنبوورژەن و مەقام بێژی کورد و یارسان، پارچە میوزیکێکی پێشکەش کرد.