"هەموواری یاسای باری کەسێتی بە یاساکردنی هاوسەرگیری منداڵانە"

ڕێکخراوی جیهانیی مافی مرۆڤی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، بە دروشمی "یاسای باری کەسی بەرەو کوێ؟"، سیمینارێکی بۆ ڕازاو گوڵی ڕێکخست.

سلێمانی

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە بارەگای شاری سلێمانیی ڕێکخراوی جیهانیی مافی مرۆڤی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، سیمینارێک بە دروشمی " یاسای باری کەسی بەرەو کوێ؟" بۆ چالاکوانی مافی مەدەنی و پارێزەر ڕازاو گوڵی ڕێکخرا.

 

ڕازاو مەحمود گوڵی، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە یاسای باری کەسێتی و چالاکوانی مافەکانی ژنان، لە سیمینارەکەدا باسی لەوەکرد، هەموواری یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی و دەستبردن بۆ ئەو یاسایە کاریگەری مەترسیدار لەسەر کۆمەڵگەی عێراق و هەرێمی کوردستان بەجێ دەهێڵێت، دەشڵێت: هەموواری یاساکە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە جێ دەهێڵێت، منداڵ لە پێش لە دایکبوونیەوە تا ئەو کاتەی گەورە دەبێت و پاش کۆتای هاتن بە ژیانیشی کاریگەری میرات کە پەیوەندی بە مرۆڤەکانەوە هەیە، بەم یاسایە دەگۆڕێت، دەرئەنجامی یاسای باری کەسێتی دابەشبوونی کۆمەڵگەی عێراقی لێ دەکەوێتەوە، بە یاسایکردنی سەندنەوەی مافی دایکایەتی و هاوسەرگیری پێکردنی منداڵانە، ڕێگە خۆشکەریشە بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگاکان، پاشان بە هەموواری یاساکە ڕۆڵی دادگاکان بەرەو نەمان دەبات.

 

لە درێژەی سیمینارەکەدا، ئاماژەی بەوەشدا، دروستبوونی هاوپەیمانییەک لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، بە ناوی هاوپەیمانی ١٨٨ گرنگە، پێویستە هاوپەیمانیەکە دژ بە هەموواری یاسای باری کەسێتی عێراقی بووەستێتەوە، وتیشی: سەرەتای هەموواری یاساکە بەشێک لە چالاکوانان هەوڵی ئەوەیاندا خوێندنەوە بۆ یاساکە نەکرێت، بەڵام خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کرا و هەوڵەکانمان سەری نەگرت، شیعەکان لە هەوڵی ئەوەدان خوێندنەوەی سێهەمی بۆ بکرێت و بچێتە دەنگدانەوە، مەترسییەکەش ئەوەیە شیعەکان زۆرینەی پەرلەمانی عێراق پێک دەهێنن و پاشان لەگەڵ سوننەکاندا ڕێکەوتنیان بۆ هەموواری یاسای باری کەسی ئەنجام داوە.

 

"لە ڕێگەی سیمینار و چالاکی مەدەنییەوە ژنان لە یاساکە هۆشیار دەکەینەوە"

چیا عەبدولقادر، دەستەی کارگێڕی ڕێکخراوی شاد و چالاکوانی مافی ژنان، دەڵێت: هەمووارکردنی یاساکان کێشەی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان و منداڵان دەهێنێتە کایەوە، هەبوونی جۆرەها سیمینار لە بارەی یاسای باری کەسێتییەوە لەلایەن پارێزەران و چالاکوانانەوە کارێکی گرنگە، ئێمە دەتوانین ژنان بەردەوام هۆشیار بکەینەوە، لە ڕێگەی یەک بوون و یەک ڕیزی ژنانەوە دەتواندرێت بەر بە یاساکان دژ بە ژنان و منداڵان بگیرێت، وەک دایکێک کە خاوەن منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵم، ڕێگە نادەم منداڵەکەم ڕووبەڕووی کێشە کۆمەڵایەتی و یاساییەکەکان ببێتەوە بەهۆی ئەنجامدانی هاوسەرگیرییەوە.

 

ئەو چالاکوانە لە کۆتاییدا وتی: ئەندام پەرلەمانان ئەرکیان دابینکردنی مافی هاوڵاتیانە لە پەرلەمانی عێراقدا، لە ڕێگەی خوێندنەوەی جارێکی دیکە بۆ یاسای باری کەسێتی زیان بە کۆمەڵگە و لە ناویاندا ژنان و منداڵان دەگەیەنێت، پێویستە ڕێگە بگیرێت لە هەمووارکردنەوەی یاساکە.