پێویستە چەتەکان دادگایی بکرێن نەک ڕابیعە ئۆنەر

ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی ناڕەزایی خۆیان لە بڕیاری دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس ڕابیعە ئۆنەر و هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لە جۆلەمێرگ دەربڕی،

ناوەدی هەواڵ

 

ئەنجومەنی ژنانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان – دەم پارتی سەبارەت هەڵکوتانە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووس، ڕابیعە ئۆنەر ڕاگەیندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ناتوانن تاوانەکانتان بشارنەوە، دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی ڕابیعە ئۆنەر بە واتای ڕێگریکردنە لە مافی ڕاگەیاندن و پاساوهێنانەوە بۆ تاوانەکانی چەتەکان لە جۆلەمێرگ.

 

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "پێویستە لە جیاتی ڕابیعە ئۆنەر، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسانە دەربکرێت کە پێشتر ژنانی گەنجیان بەرەو لای  ماددە هۆشبەرەکان و لەشفرۆشی دەبرد"

 

هەرچەندە لێدوانی شایەتحاڵەکان هەیە کە چەتەکان لە جۆلەمێرگ ژنانی گەنجیان ڕاکێشاوە بۆ ماددە هۆشبەرەکان و لەشفرۆشی، بەڵام تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی چەتە تاوانکارەکان و ئەو هێزانەی کە پشتگیریان دەکەن دەستی پێنەکردووە، ئەمەش بە واتای هاوکاری تاوانکاری چەتەکان دێت".

 

ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی لە ڕاگەیاندراوەکەیدا هۆشداری دایە بەرپرسان و بەم قسانە کۆتایی بە ڕگەیاندنەکەی هێنا: "ڕێگە نادەین هێزە نیمچە سەربازییەکان و چەتە هاوپەیمانەکان بە شێوازەکانی شەڕی تایبەتیان ژنانی گەنج و گەنجان و کۆمەڵگە ژەهراوی بکەن، ئێمە وەک هەمیشە دژی ئەوان دەوەستین، ناتوانن ژیانی ژنە گەنجەکان تاریک بکەن".