هەستی حسێن پەناهی لە ژێر تیغی نەشتەرگەری مێشک دایە

هەستی حسێن پەناهی، خوێندکاری کورد کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا بریندار بوو، بە هۆی ئەو کێشە و گرفتانەی کە بەهۆی برینەکانەوە دروست بوو، جارێکی دیکە نەشتەرگەری مێشکی بۆ کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

هەستی حسێن پەناهیی تەمەن ١٤ ساڵ، کە لە کاتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە دێهگۆلان تووشی برینێکی سەخت بوو، بە هۆی ئەو گرفتانەی کە بەهۆی برینەکانی پێشووەوە تووشی بوون، جارێکی دیکە نەشتەرگەری مێشکی بۆ کرا. بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، شانتی مێشکی کە پێشتر بۆ کۆنترۆڵکردنی کەڵەکەبوونی شلە لە دەوری مێشک دانرابوو، بە باشی کار نەدەکرد و شلەکەی بە باشی دەرنەدەهێنا. پزیشکانی ئەڵمانیا بە خێزانەکەی ڕاگەیاندووە، شانتەکە لەکاتی خۆیدا دانەنراوە و هەر بۆیەش ئەم کێشانە ڕوویانداوە.

 

هاستی حسێن پەناهی لە کاتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە مانگی کانوونی  یەکەم لە شاری دێهگۆلان بەبێ ئامادەبوونی دایک و باوکی لەلایەن ئەفسەرانی ئەمنیەتییەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا. دوای لێپرسینەوە، لە کاتێکدا لە ناو سەیارەی مەکتەبەکەیدا بوو، لە ئۆتۆمبێلەکە خۆی فڕێدەداتە دەرەوە و ماوەی شەش مانگ لە کۆمادایە. کاتێک هۆشی هاتەوە دەرکەوت نیوەی جەستەی ئیفلیج بووە.

 

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە خراوەتە بەردەستی میدیاکان، دایکی هەستی بە زمانی کوردی باسی لە بارودۆخی کچەکەی کردووە و بە تووڕەییەوە ڕەخنەی لە ئەدای ڕژێمی ئیسلامی گرتووە. لەم گرتە ڤیدیۆییەدا دەڵێت: "دوای دوو ساڵی سەخت، کچەکەم جارێکی دیکە لە نەخۆشخانە  و لە بەشی ICU وەرگیراوە. نەفرەت لە ڕژێمی ئیسلامی کە تاوانێکی لەو شێوەیەی بەرامبەر کچەکەم ئەنجامداوە".

 

هەروەها مەنسور حسێن پەناهی باوکی هەستی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام وێنەی کچەکەی لە سەر تەختی نەخۆشخانە بڵاودەکاتەوە و ڕێژیمی ئێرانی بە تاوانبار وەسف کردووە کە منداڵان دەکەنە ئامانج.