پێنی سیدنی: تورکیا بەرپرسیاری بە ئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسانە

ناوەندی پێنی نێودەوڵەتی لە سیدنی بە توندی ئیدانەی کوشتنی ڕۆژنامەنووسانی کورد، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینی کرد و ڕایگەیاند، دەسەڵاتی خۆجێی دەوڵەتی تورک لەم هێرشە بە بەرپرسیارە.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوەندی پێن-PEN  لە ئوسترالیا بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە هێرشەکەی ٢٣ی ئابدا لە شارۆچکەی سەیدسادق سەر بە شاری سلێمانی، دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو ڕۆژنامەنووسی کردە ئامانج بە ناوەکانی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، کە کارمەندی کۆمپانیای چەتر بوون.

 

لە بەیاننامەکەدا پێنی سیدنی دەوڵەتی تورکیا بەرپرسیار دەکات و ڕایدەگەیەنێت، دوای دوو ڕۆژ وەزارەتی بەرگری تورکیا بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کوشتنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی قبوڵ کردووە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و چالاکوانان مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، ئازادی ڕادەربڕین سەرکوت دەکرێت و ڕۆژنامەنووسان دەگیرێن و ئەشکەنجە دەدرێن و دەکوژرێن.

 

پێنی سیدنی بە توندی ئیدانەی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینی کرد و داوای کرد ئەو کەسانەی بەرپرسیارن سزا بدرێن.

 

ڕۆژنامەگەری نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان نیشان دا، ئۆدری ئازولای، بەڕێوەبەری گشتیی یونسکۆ نیگەرانی خۆی دەربڕی و داوای لێکۆڵینەوەی هەمەلایەنەی کرد.

 

هاوکات سەندیکای نیشتمانیی ڕۆژنامەنووسانی بەریتانیا و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان داوایان لە حکومەتەکانی تورکیا و عێراق کرد لێکۆڵینەوەی بەپەلە بۆ دۆزینەوەی تاوانباران دەستپێبکەن، هەروەها لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان- سی پی جەی و ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور-RSFیش کوشتنی ڕۆژنامەنووسانیان شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند کە پێویستە تورکیا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.