ژنێک بەکارهێنانی پلاستیک لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی قەدەغە دەکات
تارا محەمەد یه‌كه‌م به‌ڕێوه‌به‌ری ژنه كه به‌كارهێنانی پلاستیكی له بەڕێوەبەرایەتییەکەی، بە مەبەستی سەلامەتی و پاراستنی ژینگە، قه‌ده‌غه كردووە.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- ژنان له هه‌ر جێگه‌یه‌ک بن به‌رده‌وام له خه‌می ژینگه و كۆمه‌ڵگەدان، هەمیشە بنیادنانی ژیانی داهاتوویان بە شێوازێکی تەندروست بەشێکە بووە لە هەوڵەکانی ژیانیان.
تارا محەمەد، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كار و ڕاهێنانی پیشه‌یی له شاری هه‌ڵه‌بجه وه‌ک یه‌كه‌م ژن و یه‌كه‌م ده‌ستپێک به‌كارهێنانی سه‌رجه‌م بابه‌ته‌پلاستیكیه‌كانی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ی قه‌ده‌غه كر.
"لە پێناو پاراستنی ژینگە ئەو بڕیارەمان دەرکرد"
دەربارەی بیرۆکەی قەدەغەکردنی ماددە پلاستیکییەکان، تارا محەمەد ئاماژەی بەوەکرد کە لەو بەڕێوەبەرایەتەدا کار و چالاکی بەردەوام هەیە هەروەها خولی جیاواز بەردەوام دەکرایەوە، ئەمەش وایکردبوو ژمارەیەکی زۆر پلاستیک بەکاربهێنن و بیخەنە ژینگەوە، بۆیە هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروست بوونی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیەکەوە کاتێک خولەکان دەکرانەوە لەگەڵ سەنتەری ڕیسایکلین هۆشیارییان دەدا بەڵام دواتر بیریانکردەوە کە هۆشیارییەکان لە زارەکی دەربچن و ببن بە کردار، وتی: پێویسته لە پێناو پاراستنی ژینگە و تەندروستی تاک چیتر مادده‌ی پلاستیکی به‌كار نه‌هێنین.
"تاک خۆی بە بەشێک لە ژینگە نازانێت"
تارا محەمەد، وەک به‌ڕێوه‌به‌ری كار و ڕاهێنانی پیشه‌یی باسی لەوەشکرد، کە پێویستە هه‌موو تاکێک هه‌ست به به‌رپرسیارێتی بكات و بەکارنەهێنانی بابه‌تی پلاستیک بکاتە کولتوورێک لای خۆی، ئەمەش لە پێناو چاودێریکردنی ژینگه و بەردەوام هەوڵدان بۆ پاک ڕاگرتنی سروشت.
لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەکرد، خه‌می ژینگه خه‌مێكی گشتییه و ئەرکی هەموو تاکێکە پاراستنی بە ئەرکی خۆی بزانێت، وتی: هیوادارین سەرجەم دامودەزگاکان خەمی ژینگە و پاراستنی بە ئەرکی خۆیان بزانن و بیکەن بە بنەمای کارەکانیان، ئەوانیش بە هەمان شێوە بڕیار بدەن و چیتر پلاستیک بەکار نەهێنن.