خانەوادەی گوڵستان تارا سەردانی هاوپیشە و خانەوادەی شەهید هێرۆیان کرد

خانەوادەی شەهید گوڵستان تارا، سەردانی ڕۆژنامەنووسان و هاوپیشەکانی کۆمپانیای چەتر و خانەوادەی شەهید هێرۆ بەهادینیان کرد، کە لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤دا لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەرەوە بە ئامانج گیران.

سلێمانی

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، خانەوادەی گیان بەختکردوو گوڵستان تارا سەردانی کۆمپانیای چەتر و ڕۆژنامەنووسان و هاوپیشەکانی گوڵستان تارایان کرد و دواتر سەردانی بنەماڵەی گیانبەختکردوو هێرۆ بەهادینیان کرد، کە لە ڕێکەوتی ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤دا لەسەر ڕێگای شارۆچکەی سەیدسادق لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە ئامانج گیران.

 

ئەحمەد بولەنت تەکیک، هاوسۆزی و هاوخەمی خۆی بۆ هاوپیشەکانی گوڵستان تارا و ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر دەربڕی و لە وتارێکدا وتی: گوڵستان کاتێک لەلای ئێمە بوو خاوەن پێکەنینێکی جوان بوو، بەڵام بە بەردەوامیدان بە تێکۆشانی خۆی و بە مانەوەی لەگەڵ ئێوەدا پێکەنینەکەی زیادی کردبوو، ئێستاش بۆ زیندوو مانەوەی ڕێبازی شەهید گوڵستان تارا و شەهید هێرۆ بەهادین، پێویستی بە تێکۆشان و بەرخۆدانی زیاتر دەبێت، پێویستە تەواوی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دژی ئەو داگیرکاری و هێرشانە بووەستنەوە، دەوڵەتی داگیرکەر لەسەر بنەمای هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد کار دەکات، دەوڵەتی داگیرکەر لە باشووری کوردستاندا ڕۆژنامەنووسانی ئازاد شەهید دەکات و کامێرا و قەڵەمیان لێ زەوت دەکات، ئازادی بیروڕایان لێ دەسەنتەوە، ئێستاش ئەرکی شەهیدان بۆ هاوپیشەکانی جێ دەمێنێت، پێویستە هاوکارەکانی، هاوڕێبازی شەهید گوڵستان و شەهید هێرۆ بن.

 

دوا بەدوای ئەوە، بنەماڵی گوڵستان تارا لەگەڵ هاوپیشە و هاوڕێیانی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، سەردانی پرسەی هێرۆ بەهادینیان کرد و سەرەخۆشی خۆیان بۆ بنەماڵەکەیان دەربڕی و هیوای زوو باشبوونەوەی بۆ هاوپیشەی شەهیدان ڕێبین بەکر خواست.

 

لە ڕێکەوتی ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤دا لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، لە سنووری شارۆچکەی سەیدسادق سەر بە پارێزگای سلێمانی، هێرش کرایە سەر تیمێکی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر، تێیدا شەهید گوڵستان تارا و شەهید هێرۆ بەهادین کرانە ئامانج، هەروەها ڕۆژنامەنووس ڕێبین بەکر لە ئاکامی هێرشەکە دەکرێتە ئامانج و بریندار دەبێت.