ناساندن بۆ پەرتووکی "بەشداری سیاسی ژنان لە باشووری کوردستان" کرا

لە شاری سلێمانی لە کۆڕێکی ناساندندا و بە بەشداربوونی چەندین نووسەری بە توانا و ژەنینی میوزیکی کوردی، پەرتووکی "بەشداری سیاسی ژنان لە باشووری کوردستان" لە نووسینی "کنێر عەبدوڵا" ناساندنی بۆ کرا.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی دوێنێ لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی، بە بەشداری چەندین نووسەر و چالاکوانی ژن، لە کۆڕێکدا ناساندن بۆ پەرتوکی "بەشداری سیاسی ژنان لە باشووری کوردستان" لە نووسینی کنێر عەبدوڵا کرا، پاشان میوزیک و ئاوازی کوردی پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

 

سازیان تاڵیب، چالاکوانی بواری ژنان، خوێندنەوەی بۆ پەرتوکەکە کرد، باسی لەوەکرد، "ناوەڕۆکی پەرتوکەکە لە شەش بەشی سەرەکی پێکدێت، لە پەرتوکەکەدا باس لە دۆخی ژنان دەکات لە باشوور لە ڕووی چەندێتییەوە، بە مەبەستی بەشداری کردنی ژنان لە جومگە سەرەکییەکانی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان، لە ناوەندەکانی پەڕلەمانی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان و زانکۆکاندا دەخاتەڕوو، هەروەها گرنگی ئەم پەرتوکە ئەوەیە کە ئامار و داتاکانی بەشداری ژنان لە کایەکانی ژیاندا ئەرشیف دەکات.

 

هەروەها لە درێژەی خوێندنەوەکەیدا سازیان تاڵیب وتی: لە پەرتوکەکەدا ئاماژە بە بەشداری ژنان لە پەرلەماندا کراوە، کە لە خولی یەکەمی پەرلەماندا لە ساڵی ۱۹۹۱تەنها هەشت ژن لە کابینەکەدا ئەندام بوون، هەروەها لە خولی دووەم ساڵی ۲٠٠٥دا تەنها ۲٦ ژن دەبنە ئەندام پەرلەمان، لە خولی سێیەم و ساڵی ۲٠٠۹دا ٤٠ ژن و لە خولی چوارەمیدا ۳۱ ژن دەبنە ئەندام پەڕلەمان و لە خولی پێنجەمی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کە ساڵی ۲٠۱۸ دەستی پێکرد، ۲۹ ژن توانیان بگەنە پەڕلەمان.

 

کنێر عەبدوڵا، نووسەری پەرتوکی "بەشداری سیاسی ژنان لە باشووری کوردستان "، ئاماژەی بەوەدا، ناوەڕۆکی پەرتوکەکە باس لە تەواوی ئامارەکانی بەشداری ژنان لە جومگە سەرەکییەکانی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان، ناوەندەکانی پەڕلەمانی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان و زانکۆکاندا و سەرۆک شارەوانییەکان دەکات، دەشڵێت: بەشداری ژنان لە کایەکاندا لە ساڵەکانی کارکردنیان تا کۆتای کارکردنیان ئاماژەم پێداوە، هەروەها ئاماژە بە هەبوونی یەکەم ژن لە ناوەندەکاندا دراوە، هەروەها پەرتوکەکە ۱٠ حیزبی سیاسیی لەخۆ دەگرێت لە ساڵی ۱۹۹۲ بۆ ۲٠۲٤ەوە چەندین خولی پەرلەمان ژنان بەشداریان کردووە، هەروەها باسم لە دروشمی حزب و لایەنەکان کردووەتەوە، بەشێکی دیکەی پەرتوکەکە تایبەتە بە ڕێکخراوەکانی ژنان و سەرۆک زانکۆکان، کە دروشمی کارکردن و کارو چالاکییەکانیان دەخرێتەڕوو.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشدا، هەبوونی ئامارەکان و کۆکردنەوەیان بە هاوکاری چەندین لایەن و کەسی بە ئەزموون بووە، هەبوونی ئەم ئەرشیفکردنەی تواناکانی ژنان لە پۆستەکاندا کارێی مێژوویە و تواناکانی ژنان دەهێڵێتەوە.

 

جێی ئاماژەیە، بەشێک لە داهاتی پەرتوکەکە بۆ منداڵانی توشبوو بە تالاسیما دەبەخشرێت.