کۆنسوڵخانەی بەریتانیا: کاندیدانی ژن هەراسان دەکرێن

کۆنسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر، ڕایگەیاند کاندیدانی ژن بۆ پەرلەمانی کوردستان لە سۆشیاڵ میدیا هەراسان دەکرێن، ئەمەش کاریگەری لەسەر ژنان دروستکردووە بەشێکی زۆریان هەست دەکەن ناتوانن نوێنەرایەتی کۆمەڵگە و حیزبەکانیان بکەن.

ناوەندی هەواڵ


لە بەرواری ١٩ی ئاب کۆنسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر، وۆرکشۆپێکی دەربارەی رۆڵ و پاراستنی ژنان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداریی کەسانی سیاسی، بەرپرسان، میدیاکاران، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پسپۆڕە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دا، دوای تەواوبوونی وۆرکشۆپەکەش، کۆنسوڵخانە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد کە ئامانج لە وۆرکشۆپەکە بەرەوپێشبردنی هاوئاهەنگیی زیاترە لە بەهێزکردنی ڕۆڵی سیاسیی ژنان و دابینکردنی ئامراز و ستراتیژیی کردەیی بۆ فەراهەمکردنی بواری دیجیتاڵی بۆ ژنان و بەرەنگاربونەوەی هەراسانکردن لە ڕێی سۆشیاڵ میدیاوە لە دژی ژنان.

 

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆنسوڵخانەدا هاتووە: سەرباری جێبەجێکردنی ڕێژەی ٣٠٪ـی کورسیی کۆتای ژنان، کاندیدە ژنەکان زۆرجار لە گەشتە سیاسییەکەیان دا، ڕووبەڕووی بەربەستی توندی وەک هێرشکردنە سەر توانا و شێوازی دەرکەوتنیان دەبنەوە، زۆربەی ئەمەش لەرێگەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیاوە ئاسانکاری بۆ دەکرێت کە تێیدا هەژمارە سێبەرەکان بەشێوەیەکی بڵاو بۆ هەراسانکردن بەکاردەهێندرێن.

 

کونسوڵخانەکەش ڕەخنەی ئەوە دەگرێت، کە وەڵامدانەوەی ئەم خراپ بەکارهێنانە بەپێی پێویست نەبووە، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی متمانەی کاندیدە ژنەکان، بەشێکی زۆریان هەست دەکەن ناتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر نوێنەرایەتیی کۆمەڵگە و حزبەکانیان بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کاریگەری لە پرۆسەکانی بڕیاردان.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بەربەستانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی نوێی تایبەت بە پاڵپشتیکردن و پاراستنی کاندیدە ژنەکان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دامەزراندووە، ئەم لیژنەیە بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی باڵای ژنان و گەشەپێدانە، کە تاکە قەوارەی حکومییە و تیشکی خستووەتە سەر مافەکانی ژنان لە هەرێم، ئامانجی دروستکردنی کەشێکی سەلامەتتر و پاڵپشتیی کردنی زیاترە بۆ ژنان لە سیاسەتدا.