"داگیرکاری تورکیا هەوڵی لەناوبردن و تاڵانکردنی سروشتی عەفرین دەدات"

ئەلمەز ڕۆمی، هاوسەرۆکی دەستەی ئیکۆلۆژی کانتۆنی فورات ڕایگەیاند، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ٢١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار نەمام لە عەفرین بڕدراون، ئەمەش تاوانەکانی دەوڵەتی تورک نیشان دەدات بۆ لەناوبردنی سروشتی عەفرین.

پەرچەم جودی

 

کۆبانێ- دەوڵەتی تورک دوای ٥٨ ڕۆژ لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر عەفرین، لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ شارەکەی داگیر کرد، لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی تورک و بەکرێگیراوانی توندڕەوترین چالاکییان ئەنجامداوە، کوشتن و ڕفاندن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان، لە لایەکی ترەوە گۆڕانکاری دیمۆگرافیای دروستکرد، هەروەها عەفرین کە بە سروشتەکەی بەناوبانگە، لە ماوەی ٦ ساڵدا تاڵان کراوە و وێران کراوە.

 

بەپێی ئەو ڕاپۆرت و بەڵگەنامانەی لەلایەن دەستەی ئیکۆلۆژی کانتۆنی عەفرین-شەهبا، پشتڕاستکراوەتەوە کە لە دوای داگیرکارییەوە تا ئێستا چەتەکان ٢١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار نەمامیان لە عەفرین بڕیوە و سووتاندووە، کە نیو ملیۆنیان دار زەیتونن .

 

ئەلمەز ڕۆمی، هاوسەرۆکی دەستەی ئیکۆلۆژیی کانتۆنی فورات، باسی لە پڕۆسەی داگیرکاری و ئەو کردەوانە کرد کە دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی دەدات و وتی: دەوڵەتی تورکیا لە مانگی ئاداری ٢٠١٨ هێرشێکی گەورەی بۆ سەر کانتۆنی عەفرین بە ئامانجی داگیرکاری دەستپێکرد، شەڕڤانانی یەپەژە/یەپەگە و خەڵکی عەفرین بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ لە دژی داگیرکاری شەڕیان کرد و توانیان بەرخۆدانێکی شکۆمەندانە نیشان بدەن، دەوڵەتی تورک لە هێرش و بۆردوومانەکانیدا قورسترین چەک و فڕۆکەی جەنگی بەکارهێنا و لە ئەنجامدا دەیان کۆمەڵکوژی ڕوویدا، عەفرین داگیرکرا، داگیرکەری چەندین کردەوەی قبوڵنەکراو و نامرۆڤانە و خراپ بەکارهێنان و پێشێلکاری ئەنجامدا، چەتەکانی ژێر چاودێری دەوڵەتی تورک، لەوەتەی چوونەتە خاکی عەفرینەوە تا ئێستا، دەستیان کردووە بە وێرانکردنی جوگرافیاکەی، کە تێیدا وێرانکاری و تاڵانکردن بە هەموو ئاراستەیەکدا ڕوودەدات، هاوڵاتی، سروشت، شوێن، کولتوور، زمان و گۆڕستان و چەم و هەموو ئەو شتانەی کە عەفرین وەک شار پێناسە دەکەن گۆڕدران و پیرۆزی عەفرینیان پیس کرد، بەهۆی ئەو ڕووداو و کردەوانە بەشێکی زۆری دانیشتووانی عەفرین ناچاربوون کۆچ بکەن و ئێستا سەدان کەس لە بنەماڵەکانیان لە کامپەکانی بەرخۆداندا دەژین و بە هیوای گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیانن.

 

"کار و ماندووبوونی خەڵکی عەفرین لەناو دەچێت"

ئەلمەز ڕۆمی ئاماژەی بەوەدا، ژمارەی ئەو نەمامانەی کە بڕدراون و سووتێندراون جێگەی قبوڵکردن نییە و دەڵێت: تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین زۆرن، عەفرین بە سروشت و درەخت و میوەکانی ناوبانگی دەرکردووە و تەنانەت خەڵکیش دەتوانن ناوی بنێن بەهەشت، سەرەتا دەوڵەتی تورک ئەم سروشتەی وەرگرت و لەناویبرد، کۆنترین درەخت لە عەفرین بوو، کە بە زەحمەت و ئارەقەی گەورەکانمان چێندرابوون و گەشەیان کرد، چەتەکانی تورکیا ساڵانێک ماندووبوون و خۆشەویستی و عەفرین لەناو دەبەن، تا ئێستا ٢١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار نەمام بڕدراون، ئەمەش ژمارەیەکی زۆر زۆرە و ئاسایی نییە، لەم دواییانەدا دەبینین ئاگر لە شاخەکانی بەردەدەن و ئەمجارەیان خەریکی سووتاندنی دارەکانن.

 

ئەلمەز ڕۆمی ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو جیهان چاوی خۆیان بەڕووی ڕاستییەکانی دەوڵەتی تورکیادا داخستووە، دەشڵێت: ئەم تاوانانەی باسمان کرد، کارێکن کە سزای یاساییان هەیە، بەداخەوە هەموو ڕووداو و پێشێلکارییەکانی عەفرین لەبەردەم ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕوودەدەن، هەرچەندە لە جیهاندا چەندین ڕێکخراو و تاک و بزووتنەوە هەن کە بانگەشەی پاراستن و پەرەپێدانی سروشت و ژینگە دەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ پێگەیەکمان لەو بارەیەوە نەدۆزیوەتەوە، هەموو جیهان چاوی خۆی لە ڕاستییەکان دادەخات، لەو ناوچانەی کە دەوڵەتی تورکیا داگیری کردوون و تەنانەت زۆر وڵاتیش پشتیوانیان دەکەن.

 

"ئێمە دەبینە خاوەنی جوگرافیای کوردستان"

ئەلمەز ڕۆمی لە کۆتایی قسەکانیدا داوای خاوەندارێتی لە عەفرین کرد و وتی: سەرەڕای ئەو هەموو ڕووداوانەی لە عەفرین ڕوودەدەن، دەبینین بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی هێشتا لەسەر خاکی خۆیانن، سەرەڕای ئەو زوڵم و ئەشکەنجە و هەڕەشە و دزی و تاڵان و وێرانکاری و ڕفاندن و گرتنەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، تا ئێستا دەستبەرداری خاکی خۆیان نەبوون، لەبری ئەوەی زەویەکانیان بەجێبهێڵن، پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیان قبوڵ کرد بەتایبەت ژنانی عەفرین بەیەکەوە وەک دایک و منداڵ ناسراون، ئەوان وەک منداڵەکانی خۆیان دار و بەروبوومەکانیان بەخێو کردووە و گرنگییان پێداوە و ناتوانن لە شوێنی خۆیان بەجێیان بهێڵن، چونکە کاتێک دارێک دەبڕدرێت یان دەسووتێت بەشێک لە ڕۆحیان دەڕوات، ئێمە مانایان پێدەدەین، هەر بۆیە نابێت بێدەنگ بین لە بەرامبەر داگیرکردنی عەفرین بەتایبەت وەک گەلی کورد دەبێت ئاگاداری عەفرین و هەموو ناوچە داگیرکراوەکان بین و ڕێگە نەدەین خاکی کوردستان تاڵان بکرێت.