یەپەژە: پێویستە ژنانی جیهان دژی سزای لەسێدارەدان بوەستن

فەرماندەیی گشتی یەپەژە بڕیاری لەسێدارەدانی ژنانی چالاکوانانی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، هەموو ژنانی جیهان، هەموو مرۆڤایەتی دەبێت دژی بڕیاری لەسێدارەدانی ژنانی تێکۆشەر بوەستن، بۆ ئەوەی بتوانین کۆتایی بەم سیاسەتانەی ژن کوشتن و گەلان بهێنین.

ناوەندی هەواڵ

 

فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژن -یەپەژە لە بەیاننامەیەکی نووسراودا بڕیاری لەسێدارەدانی چالاکوان شەریفە محەمەدی و ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە شەرمەزار کرد.

 

بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە: سیستمی باڵادەستی پیاوان لە هەموو سەردەمەکاندا بە کردەوەکانی دژ بە بوون و ناسنامەی ژن، تەواوی کۆمەڵگەکانی بە کۆیلایەتی و ژێردەستەیی سزا داوە، لەگەڵ توندوتیژی و کوشتنی ژنان کە لە هەمان کاتدا قڕکردنی کۆمەڵگەیە، درێژەیان بە بوونی باڵادەستی خۆیان داوە، بەڵام لە سەدەی ٢١دا ژنان زیاتر خۆیان ڕێکخست و لە هەموو بەرەکانی خەباتدا ڕۆڵی پێسەنگایەتییان گرتە ئەستۆ، ئەمڕۆ ژنان تۆڵەی هەزاران ساڵ لە سیستەمی باڵادەستی پیاوانه دەکەنەوەو، به ماندووبوون و گیان بەخشین ڕێگا بۆ ژیانێکی ئازاد خۆش دەکەن، بۆیە دەوڵەت بە سیاسەتەکانی سەرکوتکردن، پشتگوێخستن و لەسێدارەدان بە شێوەیەکی توندتر هێرش دەکاتە سەر ژنان.

 

"شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا ئیلهامبەخش بوو بۆ هەموو ژنان"

 شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا بوو بە مایەی ئیلهام بۆ هەموو ژنانی ناوچەکە و جیهان، هەموو ژنانی شوێنکەوتووی ئازادی ڕۆژئاوایان وه ک پەناگەیەک بۆ خۆیان دەبینی و لە ئازایەتی ژنانی ڕۆژئاوا هێزو متمانەیان بەدەستهێناک، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە گرنگییەکی زۆرەوە شوێن شۆڕشی ئێمە کەوتن و سەدان ژنی گەنج پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی یەپەژە، دەرسیم کرماشان و ڤیان پەیمان لەو ژنە ئازایانەی ڕۆژهەڵات و ئێران بوون کە پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی یەپەژە و بە فیداکاری و ئازایەتی و دەنگی خۆیان بوونە دەنگی ڕاستەقینەی شۆڕشی ڕۆژئاوا، ئێستاش لە کەسایەتیی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدیدا ژنانی ئێران بە هەمان سۆز و وروژاندنی شۆڕش بۆ دروستکردنی ئێرانێکی ئازاد کە هەموو ژنان بتوانن بە شێوازی خۆیان بژین، خەبات دەکەن

 

"ڕژێمی ئێران زۆرترین هێرش دەکاتە سەر ژنان"

بەڵام جێگای داخە کە ڕژێمی ئێران بە سزای سێدارە وەڵامی داخوازییەکانی ژنان دەداتەوە، بە دڵنیاییەوە ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕژێمی ئێران بەم شێوەیە هێرش بکاتە سەر ژنان، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٠، شیرین عەلەمهولی، ژنێکی خەڵکی ڕۆژهەڵات، بوونی خۆی وەک ژنێکی تێکۆشەر دووپاتکردەوە و بەهۆی ئەوەی ڕەتیکردەوە خۆی ڕادەست بکات، لەسێدارە درا، لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕەیحانە جبوری بە تۆمەتی خۆپاراستن لە بەرامبەر دەستدرێژیکارێک لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە سێدارە درا، لە کۆتاییدا ژینا ئەمینی بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا چونکە قژی دیار بوو، دژی ئەم کردەوە دژە مرۆییانە، بەتایبەت ژنان، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناڕەزایەتی دەردەبڕن؛ "ژن، ژیان، ئازادی" هەموو بوارێکی کردە مەیدانی ڕاپەرین، لەو ڕاپەڕینانەدا ژنانی خاوەن هەڵوێستێکی ڕادیکاڵ ئاگری ڕاپەڕینەکانیان هەڵگیرساند و هەموو ژنانی جیهان پشتیوانییان لە سەرهەڵدانی حەقی ژنانی ئێران دەکرد، بەڵام جێگای داخە کە ڕژێمی ئێران لە جیاتی چارەسەر زیاتر بە ناوی شەرەف و ڕەوشتەوە هێرشی کردە سەر ژنان، ئەمڕۆش سزای لەسێدارەدانی بۆ هەردوو ژنە چالاکوان و ڕۆژنامەنووس، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی دەرکرد.

 

"خەباتی ژنان بە مافداری سەربکەوێت"

وەک یەپەژە کەسایەتی پەخشان و شەریفە سڵاو لە خەباتی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەین کە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی ژیانی خۆیان بەخت دەکەن، ئاگری شۆڕش بە دەستی ژنە قارەمانەکانی لەو جۆرە هەڵگیرسا و بە دەستی ژن دەگاتە سەرکەوتن، بۆ ئەوەش پێویستە هەموو ژنانی جیهان، هەموو مرۆڤایەتی دژی بڕیاری لەسێدارەدانی ژنانی تێکۆشەر بوەستن، بۆ ئەوەی بتوانین کۆتایی بەم سیاسەتانەی ژن و مرۆڤ کوشتن بهێنین، وەک یەکینەکانی پاراستنی ژن لە کۆتایی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاددا باجێکی زۆرمان داوە، پێمان وایە خەباتی مافی ژنان سەردەکەوێت، هەموو ژنانی جیهان، کە زیاتر لە جاران ڕێکخراون، کۆتایی بەم زوڵمە دەهێنن، ژیانێکی ئازاد بە پێشەنگایەتی ژنان پێشکەش بە هەموو مرۆڤایەتی دەکەن.