لەیلان تا دوا هەناسەی داوای سەربەخۆیی و یەکگرتنی دژی داگیرکاری دەکرد

شەفیقە عەلی، ناسراو بە لەیلان، ژنە مێژوونووسی و نووسەری باشووری کوردستان لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- شەفیقە عەلی، ناسراو بە لەیلان، مێژوونووسێکی باشووری کوردستانە و خاوەنی ١٧ پەرتوکە، ژیانی خۆی پەیوەست کردبوو بە بواری مێژوو و لەو بوارەدا شارەزاییەکی زۆری هەبوو، هەمیشە بە خەونی ئازادی و سەربەخۆییەوە بوو.

 

لەیلان لە بنەماڵەیەکی گەورە لەدایکبووە، کە بەردەوام ژیانیان لەناو سیاسەتدا بووە، هەر ئەمەش هۆکارێك بووە تا لە بواری سیاسی و مێژووی قوڵ ببێتەوە، هەستی نیشتمانی لەیلان بەرپرسیاری کردبوو بەرامبەر بە پارچەکانی دیکەی کوردستان، بۆ ئەو، کوردستان هەر کوردستانە یەک پارچەکە بوو، بڕوای بەوە هەبوو کە بە یەکگرتووی بەسەر هەموو هێرش و داگیرکارییەکاندا سەردەکەون و کوردستان یەک دەگرێتەوە.

 

لەیلانی مێژوونووس، چاودێری خەبات و خوێنەری نووسینەکانی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد بوو، لە بارەی ئەو ڕێبەرەوە لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنیوزدا دەڵێت: "بە ڕاسپاردەکانی ئۆجالان هەموو کوردستان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە ئازاد دەبێت، چونکە بۆ هەموو مرۆڤایەتییە و نووسینەکانی بەڵگەی ڕاستەقینەن بۆ تێکۆشان، هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ نووسینەکانیدا ڕۆشتووم"، ئەو نووسەرە گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالانی شەرمەزار کردووە و هەمیشە ڕەخنەی توندی لە کەس و لایەنە سیاسییەکان دەگرت، کە بێدەنگن لە ئاست گۆشەگیری سەر ئۆجالان و ئەم بێ هەڵویستییەشی بە "خیانەتکار" بەناو دەکرد.

 

دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٩ مانگرتنی زیندان لە باکووری کوردستان بە پێشەنگایەتی لەیلا گوڤەن، دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێکرد، لەیلان پشتیوانی خۆی بۆ لەیلا گوڤەن و هەموو زیندانیان دەربڕی و بۆ ڕۆژنیوز دوابوو و دەیوت: چاوی لەیلا گوڤەن ماچ دەکەم، ئەو پێشەنگی ژنە کوردی سەردەمە، لە دوای ئارین میرکان و ئاڤێستا خاپوور و زەکیە ئەڵکان، ئەوەتا دونیا چاویان لەو کردووە و لە هەموو شوێنیک و زیندانەکان مانگرتنیان ڕاگەیاندووە و چەند کەسێک شەهید بوون و گیانی خۆیان بەخشیوە.

 

لەیلانی مێژووناس، هەمیشە بڕوای بە سەرکەوتنی گەلی کورد هەبوو، هەمیشە دەیوت: "سەرکەوتن هەر بۆ گەلی کوردە و مردن بۆ داگیرکەری کوردستانە، جا لە هەر پارچەیەک بێت، ئەو کەسانەشی کە هاوکاری داگیرکەر دەکەن، ئەوە گەورەترین خیانەتە".

 

شەفیقە عەلی، ناسراو بە لەیلان هەمیشە چاودێری دۆزی کورد بوو لە چوار پارچەی کوردستان، لە نووسینەکانیدا باسی سەربەخۆیی گەلی کوردی کردووە، "لە هەر کاتێکدا کە کورد گەیشتبێتە قۆناغیی سەربەخۆیی، خیانەتکاری لە ناوخۆدا هەڵکەوتووە و بووەتە هۆی لەدەستچوونی هەلەکان، بۆ نموونە لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی میدیا کە شۆڕشی دیاکۆ کردی بە ئیمپراتۆرییەت، خیانەتی کۆڕش بووە هۆی لەناوچوونی".

 

لەیلان هەمیشە لە دیدارەکاندا باسی لەوەکردووە، کە لایەنە سیاسییەکان دەبێت وانە لە مێژوو وەربگرن و چیتر مێژووی خیانەتکاریی بەسەر کورد-دا دووبارە نەبێتەوە، ئەو شارەزاییەکی بەرچاوی لە مێژووی ماددەکاندا هەبوو، بۆیە لە ئامۆژگارییەکانیدا، هەمیشە دەیوت، "با وەک دیاکۆی ئیمپراتۆری میدیا یەکگرتوویی دروستبکەن و نەفرەت لە خیانەتکاریی کۆڕش ئاسا بکەن".

 

لەیلانی مێژوونووس، شەوی ڕابردوو، ٢١ی تەمموزی ٢٠٢٤ لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا کۆچی دواییکرد، هەتا دوا هەناسەشی بە ئاواتەوە بوو، کە بستێک خاکی ئەم کوردستان داگیرکەری تێدا نەمێنێت و دەیوت: "دەبێت هەوڵبدەین لە هەر بستێکی ئەم خاکە داگیرکەر بکەینە دەرەوە، چەندەها بنکەی داگیرکەر لە کوردستان هەیە، بۆیە ڕۆشنبیران دەبێت هەوڵبدەن لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان کە بڕیاری دەەکردنی بنکەکانی تورکیا و ئێران بدرێت.