لە دهۆک بەرهەمی جوتیاران بەهۆی بۆردوومانی دەوڵەتی تورکەوە دەسووتێت
بەهۆی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکەوە لە ئامێدی سەر بە دهۆک، دەیان دۆنم ڕەزو باخی هاوڵاتیان سووتاون و جوتیاران کە چاوەڕێی کۆکردنەوەی بەروبوومی ئەمساڵ بوون، بەرهەمەکانیان سووتان.
ناوەندی هەواڵ
دەوڵەتی تورک لە ١٥ی حوزەیرانەوە هێزەکانی لە باشووری کوردستان و نزیک لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاد کردووە و کەرەستە و چەکی سەربازی هێناوەتە ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆردوومانەکان بەردەوامن و بەهۆیەوە ڕەز و باخی هاوڵاتیان سووتاوە.
لە بەرامبەر ئەم کارانە، حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بە لێدوانەکانیان ڕەوایەتی بەم داگیرکارییە دەدەن و لە خەمی هاوڵاتیاندا نین.
بە گوێرەی بەرگریی شارستانیی دهۆک، بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە، زیاتر لە ٢٥ هەزار دۆنم دارستان، پووش و پاوانی خەڵک سووتاوە.
ڕێژەی سووتانەکە بە هۆی بەردەوامی بۆردوومانەکانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە و لەسەر ڕێگەی ئامێدی- دێرەلووک ٤٠ دۆنم زەوی کە بەشێکیان ڕەز و باخی هاونیشتمانییان بوون، لە یەک ڕۆژدا سووتان.
سووتانی ڕەز و باخی هاوڵاتیان کە بەشێکیان ترێ بوون، بەرهەمی بەشێکی جوتیارانی ئەو ناوچەیەکی لەناو برد، لە کاتێکدا جوتیاران چاوەڕێی چنینەوەی بەرووبوومەکانیان بوون.