لە کۆنفرانسێکدا گرنگی ڕووبەڕووبونەوەی مادەی هۆشبەر خرایەڕوو

لە ڕۆژی جیهانی دژی ماددە هۆشبەرەکان، ئیدارەی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داوای لە گەل کرد، هاوکارییان بکەن بۆ نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر لە کۆمەڵگەدا.

ڕەققە

 

٢٦ی حوزەیران بە ڕۆژی جیهانی دژە ماددە هۆشبەرەکان دانراوە و هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا زیاتر جەخت لە بەکارنەهێنانی ماددەی هۆشبەر دەکرێتەوە، ئەمەش لە پێناو بەرەوپێشبردنی کار و هاوکاری لە بەدیهێنانی جیهانێکی دوور لە ماددە هۆشبەرەکانە، کە بە یەکێک لە مەترسیدارترین چەکەکان دادەنرێت کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگە و تاکەکان دەبێتەوە.

 

وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانەوە کۆنفرانسێکی تایبەتیان ئەنجامدا.

 

"دوژمن لە دژی گەل هەوڵی بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر دەدات"

کۆنفرانسەکە بە چەندین وتارێک دەستیپێکرد، داوای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کرا کە ئامانجی ژەهراویکردن و لەناوبردنی مێشکی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و تێکدانی شۆڕشی گەلە، جەخت لەسەر گرنگی یەکگرتنی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ بۆ بەرەنگاربوونەوە ماددە هۆشبەرەکان کرا، چونکە بە بەشێکی تایبەت لەو شەڕە دادەندرێت کە دوژمن دژی گەل ئەنجامی دەدات.

 

حەلیمە مەحمود، ئیدارەی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاماژەی بەوەدا، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی دژە ماددە هۆشبەرەکان، کۆنفرانسێکی تایبەتیان ئەنجامدا بۆ خستنەڕووی گرنگی دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، وتی: ئەم ڕۆژ گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە لەم ڕۆژەدا داوا لە هەمووان دەکەین ماددەی هۆشبەر نەکەن و وەک هەڕەشەیەک دژی کۆمەڵگە بیبینن.

 

"خۆ پەروەردەکردن هۆکارە بۆ خۆپاراستن لە ماددەی هۆشبەر"

حەلیمە مەحمود، بە پێویستی دەزانێت هاوڵاتیان خۆیان پەروەردە بکەن بۆ ئەوەی زیاتر وریا بن دەربارەی ئەو شەڕە تایبەتانەی کە لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدرێت، داوای لێکردن هاوڵاتیان هاوکاری هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بەڵایە و ئاگاداریان بکەنەوە لە کاتێکدا درک بەوە دەکەن کەسێک یاخود گروپێک دەیکێشن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەیەک لەمەوبەر ئەکادیمیایەکی مەشقپێکردنی کادیر بۆ بەشی دژە ماددەی هۆشبەر لەلایەن داگیرکەری تورکیاوە کرایە ئامانج، ئەمەش بووە هۆی شەهیدبوونی ٢٩ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، دەشڵێت: هەڵمەتی زۆرمان لەدژی بەکارنەهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستپێکردووە، لە ئەنجامی هەموو ئەو هەوڵانەدا، بڕێکی زۆر لە ماددە هۆشبەرەکان لەناوچوون.

 

"دەوڵەتی تورکیا بە هێرشەکانی ئیرادەی ئێمە زیاد دەکات"

هند ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی دژە ماددە هۆشبەرەکان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە کانتۆنی دێرەزوور ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی ئەو شەڕانەی ڕووبەڕووی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوونەتەوە، بەکارهێنەران و بوونی ماددەی هۆشبەر زیاد بووە، بۆیە هەموو تواناکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بەکارهێناوە.

 

هند ئەحمەد باسی لەوەکرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەرامبەر ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بەشی دژە ماددە هۆشبەرەکان هێرشی ئەنجامدرا، بەڵام ئیرادەی ئەوانی نەشکاند، وتی: دەوڵەتی تورکیا بەو هێرشە ئیرادەی ئێمەی زیادکرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو شەڕانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە بوونەتەوە.