دانیشتووانی چەند گەڕەکێکی هەولێر دژی بێ ئاوی گردبوونەوە

بەهۆی بێ ئاوییەوە دانیشتوانی گەڕەکی سێ تاقان و گلکەن لە هەولێر گردبوونەوە و ئاماژەیان بەوە کرد، ماوەی مانگێکە ئاو دەکڕن و لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا کێشەی بێ ئاویان بۆ دروست بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و گەرما ژمارەیەک لە گەڕەکەکانی هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بێ ئاو دەبن، بە جۆرێک پشت بە کڕینی ئاوی تانکەر دەبەستن، لەکاتێکدا لە ڕووی ئابوورییەوە خێزانەکان لە دۆخێکی سەختدان، حکومەت و دەسەڵاتداران بەدەر لە گەندەڵییە گەورەکانیان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش پشتیان لە هاوڵاتیان کردووە.

 

شەوی ڕابردوو ٢٤ی حوزەیران، بەهۆی بێ ئاوییەوە دانیشتووانی گەڕەکی سێ تاقان و گلکەن لە هەولێر گردبوونەوە و ئاماژەیان بەوە کرد، ماوەی مانگێکە ئاو دەکڕن و لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا کێشەی بێ ئاویان بۆ دروست بووە.

 

ئەوانەی گردبوونەوە ئاماژەیان بەوەکرد، دەستکاری سەرچاوەی ئاوەکەیان کراوە و دراوە بە ناوچەی دیکە، چونکە پێشتر هیچ کێشەیەکی ئاویان نەبووە و دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکە یان ئاو دەکڕن یان لە دانیشتوانانی گەڕەکەکانی دیکەی وەردەگرن.