لە شەنگال دژی گۆشەگیری ڕێپێوان کرا

لە دژی گۆشەگیری توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی لە شەنگال ڕێپێوانێکی جەماوەری بەڕێوەچوو.

شەنگال

 

بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ" ڕێپێوانێکی جەماوەری لە شەنگال دژی گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەچوو.

 

ڕێپێوانەکە لە ئەنجومەنی گەلی سنونێوە تا ناوچەی مام زەکی بە بەشداری ئەندامان و بەڕێوەبەرانی خۆبەڕێوەبەری و ئەندامانی تاژێ و گەلی شنگال بەردەوام بوو، لە میانی ڕێپێوانەکەدا وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرزکرایەوە، لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا لێدوانێک لەلایەن ئەمشە کۆرکۆرکی، ئەندامی تاژێ پێشکەش کرا.

 

ئەمشە کۆرکۆرکی ڕایگەیاند، پێویستە تا دوا هەناسە بە بیرو فەلسەفەی ئازادەوە بژین و وتی: ئەمڕۆ ئەم ڕێپێوانە بۆ شەرمەزار کردنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆیە، ئەم ١٠ ساڵە ئێمە وەک نەتەوەی ئێزیدی بە بیری ڕێبەر ئاپۆ خۆمان ڕێکدەخەینەوە و شەنگالەکەمان ئاوەدان دەکەینەوە، لەبیرمان ناچێت قەرزاری ڕێبەر ئاپۆین، تا کۆتایی لەسەر بیری ڕێبەر ئاپۆ دەژین و لە پێناو ئازادی جەستەیی ئەودا تێدەکۆشین.

 

"هەمیشە و لە هەموو شوێنێک بە بیری ئازاد دەژین"

پاکیزە جەلال، ئەندامی دەزگای بنەماڵەی شەهیدان وتی: بەردەوام دەبین لە تێکۆشان بۆ شکاندنی ئەو گۆشەگیرییەی بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان دا سەپێندراوە، ئەمڕۆ لە سنونێ کۆبوینەوە و گۆشەگیری شەرمەزار دەکەین، بە چالاکی جیاواز داوای ئازادی ڕێبەرمان کرد، هیوادارین هەڵمەتەکانمان سەرکەوتوو بن و بە زووترین کات گۆشەگیرییەکە بشکێندرێت، وەک نەتەوەی ئێزیدی لە هەر کوێیەک بین لەگەڵ ئەو بیرە ئازادەداین و داوای ئازادی خاوەنی ئەم بیرە دەکەین، هەموو شتێک دەکەین و ژیانی خۆمان بەخت دەکەین.

 

"تا کۆتایی بۆ ئازادی تێدەکۆشین"

لە کۆتایی قسەکانیدا، پاکیزە جەلال ئاماژەی بەوەدا، لە سایەی بیر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لەسەر پێیەکانییەتی و وتی: زۆر شت لەبارەی مێژووی خۆمانەوە نازانین، لە سایەی بیری ڕێبەر ئاپۆ ئێمە مێژووی خۆمان زانی، لەپاڵ ئەم بیرو بۆچوونەدا وەستاین، لە سایەی شەهیدانی ئازادی، بە ئارامی دەژین و تێکۆشان دەکەین، تا کۆتایی بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ دەوەستین و هەرچی داوامان لێبکرێت ئەنجامی دەدەین.